هەندێك لەپلەدارە كوردە سەربازییەكانی كەركوك لەبەغداوە داواكراون

کوردستان

14/12/2017‌ 1352 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەمید كاوە غەریبی بەڕێوەبەری ئەكادیمیای پۆلیسی كەركوك دەستگیركرا، ئەوەش دوای دەرچوونی بڕیاری دەستگیركردن بۆ ئەو و عەمید سەرحەد قادری بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك‌و چەند ئەفسەرێكی تری كورد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "بەبڕیاری دادوەر عەمید كاوە غەریبی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی داقوق‌و بەرێوەبەری ئێستای ئەكادیمیای پۆلیسی كەركوك دەست بەسەركراوە."

سەرچاوەكە راشیگەیاند "كاتی خۆی 4 چەكداری داعش لەداقوق شوێن بزركراون، كەچی ئێستا شكات لەعەمید كاوە كراوە."

لای خۆیشییەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "حكومەتی عێراق هەرچی دۆسییەی كۆنی ئەفسەرە كوردەكان هەیە هەمووی هەڵداوەتەوە."

ئەحمەد عەسكەری راشیگەیاند "هەندێك لەپلەدارە كوردەكان لەبەغداوە داواكراون، هەندێكی تریشیان لەدادگاكانی كەركوك دۆسییەیان لەسەر هەڵدراوەتەوە."

حكومەتی عێراق دەستگیركردن‌و بریاری دەستبەسەر كردن بۆ ئەفسەرە كوردەكان بەگرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی ناودەبات، بەڵام لایەنە كوردییەكان پێیانوایە ئەو كارە هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد لەنێو سلكی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوكدا.

هـ ـ ح