ئەگەر بەدوای خەوێکی باشتردا دەگەڕێی ئەم ڕێنماییە جێبەجێ بکە

هەمەڕەنگ

07/04/2024‌ 917 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەگەر بەدوای خەوێکی باشتردا دەگەڕێیت، لەوانەیە پێویست بکات خشتەی ڕۆژانەت بگۆڕیت بۆ ئەوەی جوڵە و چالاکیی جەستەیی زیاتری تێدابێت.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئەوەی لە ڕۆژدا ئەنجامی دەدەین، کاریگەریی لەسەر چەند باش خەوتنمان هەیە لە شەودا، زیاتر لە هۆکارەکانی تر کە لە ئامۆژگارییەکانی خەوتندا ئاماژەیان پێکراوە، وەک  نەخواردنەوەی کافایین و دوورکەوتنەوە لە شاشە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی باشووری ئوسترالیا ئەنجامدراوە و توێژەران چاودێریی ڕۆتینی ڕۆژانە و شێوازی خەوتنی هەزار و 360کەسی پێگەیشتوو و هەزار و 168 منداڵیان کردووە.
بەگوێرەی پێگەی  Study Findsتوێژینەوەکان دەریانخستووە کە چالاکیی جەستەیی لەرۆژدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەدەستهێنانی خەوێکی باش لە شەواندا.
توێژەران دەڵێن: بۆمان دەرکەوتووە ئەگەر منداڵان و گەورەکان چالاکیی جەستەیی مامناوەند تا بەهێز زیاد بکەن، ئەوا کەمتر هەست بە ماندوێتیی دەکەن، کەمتر خەویان تێکدەچێت و خەوی باشتریان دەبێت.
دەرکەوتووە، کەم خەویی  پەیوەندیی بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خەمۆکییەوە هەیە.
بۆ منداڵان، ڕێنماییەکانی ئێستای خەوتن پێشنیاری ئەوە دەکەن کە هەرزەکاران هەموو شەوێک لە نێوان 8 بۆ 10 کاتژمێر بخەون، لەکاتێکدا گەورەکان پێویستیان بە نێوان 7 بۆ 9 کاتژمێرە. 

و: ئاکۆ ئاڵی