هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوادەخرێت؟

ڕاپۆرت

07/04/2024‌ 2288 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان پارتی هەوڵەكانی لە بەغدا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەستپێكردووە و یەكێتیش جۆرێک لە رەزامەندی نیشان داوە، بەجۆرێك هەڵبژاردن بۆ پایزی داهاتوو دوابخرێت، بەڵام تائێستا بەفەرمی پارتی پشتڕاستی نەکردووەتەوە و یەکێیش دەڵێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆی دەکرێت.

 بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، پارتی ترسی هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 10ی حوزەیراندا.

 رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دابەزینی ئاستی جەماوەری حیزبەكە چانسێكی نوێیان پێنادەنەوە تا لە هەڵبژاردندا براوە بن وەک پێشوو.

 پارتی هەموو هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە رێگای لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەیەكدا پێداگربوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەگوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تەنانەت بەبێ بەشداریكردنی پارتیش.

بەپێی راپۆرتێكی ئەو رۆژنامەیە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا ئامانجی لێی دوورخستنەوەی پارتەكەیەتی لەو زیانە سیاسیانەی بەری دەكەون لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ ئەو بەتایبەت كە لیستی كاندیدەكانی پێشكەشنەكردووە.

رۆژنامەكە باسی لە ئەگەری نەرمیواندنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە بۆ پارتی و هەروەها باس لەوەشدەكرێت یەكێتیش رەزامەندی داوە بۆ داواكەی پارتی، بەڵام جارێ بەفەڕمی هیچ رانەگەیەندراوە.

لای خۆیەوە ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت ئەوان وەك ئەمریكا بەردەوام پشتگیریان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان كردووە لە هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، گەلی كورد و عێراق بە گشتی ناكات.
ئەوە لەكاتێكدایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە كاتی هەڵبژاردن دیاریكراوە و بڕوا بەلایەنەكان بهێنرێت بۆ بەشداریكردن.
سەرۆكی یەكێتیش دەڵێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكرێت.