کتێبی " تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی " بڵاوکرایەوە

هەمەڕەنگ

08/04/2024‌ 367 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کتێبی " تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی "  کەوتە بەردەستی هەموولایەک بۆ خوێندەوە و دروستکردنی گفت و گۆی بونیاتنەرانە سەبارەت بەم بابەتە گرنگە .

 ئەم کتێبە وەک نمونە و شیوازێکی تازەی کاری هاوبەش لە نێو کۆمۆنیستەکاندا ، بەرهەمی کاری چوار ‌هاوڕێیە : ئەکرەم سەعید ، سامان کەریم ، ئاسۆ کەمال و گۆنا سەعید .

 سەرەتای ئەم کارە بە بریارێکی هاوبەش دەستی پێکرد سەبارەت بە گرنگی پێکەوە کارکردن و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی فکری و سیاسی لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە خەباتی کۆمۆنیستی و بزوتنەوەی کرێکاری ..  ئەمە یەکەم بەرهەمی هاوبەشمانە ... 
کتێبی  " تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی " چوار ووتاری لە خۆ گرتوە کە هەریەکەیان لە گۆشەیەکی جیاوە هەوڵی دروستکردنی تێگەشتنێكی بنەمایی دەدات سەبارەت بە هەل و مەرجە بابەتی و ناوخۆیی یەکانی نێو چینی کرێکار و ئەگەری شۆرشی سۆشیالیستی لە بەر ڕۆشنایی ئاڵ و گۆڕەکانی جیهانی سەرمایە و کار و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان لە سەردەمی ئیستادا .. 
ئاسۆ کەمال – لە ووتاری یەکەمدا "شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠" ، هەوڵ دەدات وەڵام بە پرسیارێکی بنەڕەتی بداتەوە، لە ڕێگەی لێکدانەوەی شۆڕشە کرێکاریەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی کرێکاران .. بە تایبەت گرنگی دەدات بە ئەو دەرس و تەجروبانەی کە دەکرێت لە شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا وە فێر بین بۆ ئەم سەردەمە.  
ئەکرەم سەعید – لە ووتاری "سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم " شیکاریەکی وورد بۆ هەردوو دیاردەی " قەیران" و " بەربەریزم" ی سیستەمی سەرمایەداری دەکات و بە پشت بەستن بە بەڵگە و نمونەی جۆرا جۆری سیاسەت و کردەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و کۆمپانیاکان ، بنەماکانی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و دڕندەیی ئەمڕۆی سەرمایەداری شی دەکاتەوە. 
سامان کەریم – لە ووتاری سێهەمدا لە ژێر ناوی " ڕەشنوسێک دەربارەی ڕێىازی شۆڕشی پرۆلیتاریا" ، هەل ومەرجە بابەتی و پراکتیەکانی بەردەم پرۆلیتاریا ی جیهانی  ڵیکداوەتەوە لەبەر ڕۆشنایی بارو دۆخی ئێستەی سەرمایەداری جیهانی و بەرهەمهێنان ، کە دەکرێت وەک سەرەتای نەخشە ڕێگایەک بۆ شۆرشی ئایندەی پرۆلیتاریا لێی بڕواندرێت ..  
گۆنا سەعید – لە ووتاری چوارەمدا "ڕوانینێک لە بارو دۆخی کرێکاران لە بەر ڕۆشنایی کاریگەری دوایین پێنج دەیە لە  جیهانگیری !" ، بە پشت بەستن بە ئامارەکان لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی کردوە لەسەر چینی کرێکاری جیهانی وەک بکەری شۆڕشی سۆشیالیستی ، بە گوزەرێک بەسەر بەو ئاڵ و گؤرانەی کە بەسەر پێکهاتەی چینی کرێکار و شێوازەکانی کار و ڕیکخراوبوون و ئاستی ناڕەزایەتی یەکانی چینی کرێکاردا هاتوون لە ئەنجامی پێنج دەیە لە جیهانگیری و نیوالیبرالیزم  .