بەریتانیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

جیهان

14/04/2024‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه



حکومەتی بەڕیتانیا دەڵێت " چەندین فڕۆکەی شەڕکەر و تانکەری دیکەی " ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، ئەوەش دوابەدوای هێرشی بێپێشینەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.

حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان ئۆپەراسیۆنەکەی بەڕیتانیا دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق پتەوتر دەکەن و هەروەها بەرپەرچی " هەر هێرشێکی ئاسمانی دەدەنەوە کە لە نێو مەودای نێردەکانماندا بێت."

کاتێک لەلایەن دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا فڕۆکە جەنگییەکان گواستراونەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی بەڕیتانیا لە قوبرس، وتەبێژێکی حکومەتی بەڕیتانیا وتی " ژمارەیەک لە فڕۆکە بۆ ماوەیەکی کاتی لە ڕۆمانیاوە گواستراونەتەوە بۆ پتەوکردنی بوونمان لە ناوچەکەدا." بەرپرسەکە ئاماژەی بە شوێنی دیاریکراوی فڕۆکەکان نەدا و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ " ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان."

ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل رایگەیاند، لە سەدا 99 ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی باڵیستیی و کروزی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان له خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکەکان ئەمەریکا و بەریتانیا هاوکاری ئیسرائیل بوون.