سەرۆکی ئیسرائیل: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندنی جەنگە لە دژمان

جیهان

14/04/2024‌ 148 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل لەئێوارەی یەکشەممەی رابردوو بە "راگەیاندنی جەنگ" دژ بەو وڵاتە وەسف کرد.

سەرۆکی ئیسرائیل ئەمرۆ لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی ڕایگەیاند: "لەشەودا و لە چوار قۆڵەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هێرش کرایە سەرمان و بۆردومانەکەش لەرێگای مووشەک، مووشەکی بالیستیک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز ئەنجامدرا،  ئەمە لە شەڕێکی ڕاستەقینە دەچێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە گوێ لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان دەگرن و ڕێز لە بۆچوونەکانیان دەگرن، لە هەموو ئەو بژاردانە دەکۆڵنەوە کە لەبەردەستیاندایە، هەروەک وتی: "هەروەک پێشتر وتم هەموو شتێکی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانمان دەکەین، بێگومان ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان بەدوای شەڕدا ناگەڕێن، هەربۆیە قسەکانی لەئەوەندەدا کورت دەکاتەوە.

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەو "سیاسەتە ناسەقامگیرییانە" کە تاران بە گوتەی هێرزۆگ لە ناوچەکە و جیهاندا پەیڕەوی دەکات، یەکگرتوو بن.

سەرۆکی ئیسرائیل هەروەک وتی: کاتی ئەوە هاتووە جیهان ئاوڕێک لە ڕووخساری ئیمپراتۆریەتی خراپەکاریی تاران بداتەوە و بە ڕوونی بە ڕژێمی ئێران بڵێت کە لەوە نابوورێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی