ماكرۆن داوای خێراكردنی بەرهەمهێنانی چەك دەكات

جیهان

14/04/2024‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەکاتی دانانی بەردی بناغەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی باروت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو قەیرانەی بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و ئەو دووبارە خۆپڕچەککردنەوەیەی لەسەر ئاستی جیهانی درووست بووە، پێویستی بە هەوڵێکی "بەردەوام" هەیە لەلایەن پیشەسازی بەرگرییەوە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر، و بە خێراییەکی زۆر.

ماکرۆن لە شاری بێرجێراک لە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا وتی: لەئاستی دوورمەودادا گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژیی دەبینین کە پیشەسازییە بەرگرییەکان ڕۆڵی زیاتر دەگێڕن.

هەروەک، داوای لە پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی کرد کە گواستنەوە بۆ "ئابووری جەنگ" خێراتر بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەجەنگ دژی ڕووسیا.

بە بڕوای ئەو، ئەو "هەوڵە" کە دەبێت بکرێت "بەپەلەیە، دەبێت بە خێرایی، بەهێز، لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوامیش هەنگاو بنێین".

جەختیشی کردەوە کە “ئەو جیهانەی باسی دەکەن ناوەستێت ئەگەر سبەی جەنگ کۆتایی پێبێت، چونکە پڕۆسەی پڕچەککردنەوەی گەورە بۆ ڕوسیا هەیە، هەروەها لەبەرئەوەی دەبینین لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا خەرجی سەربازی و داواکارییەکانیش لەسەر چەک زیاتر دەبن”.

سەرۆکی فەرەنسا بەردی بناغەی کارگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی باروتی پێویستی بۆ دوروستکردنی مووشەک دانا، کە سەر بە گروپی ئورینکۆیە کە پێشەنگن لە بواری باروت و تەقەمەنیدا، کارگەکەش لە سەرەتای ساڵی 2025 دەکرێتەوە و ئامانجی بەرهەمهێنانی 1200 تۆن باروتە لەساڵێکدا.

لە ساڵی 2007 کارگەی بێرجێراک هەڵوەشێنرایەوە کە لە ساڵی 1915 کرابۆوە، بەهۆی نەبوونی داواکاریی پێویست لەسەر بەرهەمەکانی. پێش سەرهەڵدانی جەنگ لە ئۆکرانیا، داواکارییەکان لەسەر بەرهەمەکانی دەستی بە زیادبوون کرد، بەڵام بەپێی وتەی تیری فرانکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکە، ململانێکان "هۆکارێکی خێراکەر" بووە.

ئێستا داواکارییەکان لەسەر یورێنکۆ تا ساڵی 2030 درێژ دەبێتەوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا داواکارییەکان بۆ کڕینی بەرهەمەکانی بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ بووە.