رووسیا لەرۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەویی دەکات

جیهان

14/04/2024‌ 496 جار خوێندراوه‌ته‌وه



فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بارودۆخی بەرەی ڕۆژهەڵات تێکچووە و ڕووسیا بە زرێپۆش هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و شەڕەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەیەک کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری باخموت چڕتر کردووەتەوە.

ئەو لێدوانەی جەنەڕاڵ ئۆلیکساند سیرسکی گرژیی زیاتری لە کیێڤ دروستکردووە، بەوپێیەی کۆنگرێسی ئەمریکا هێشتا ئاستەنگ بۆ بڕیاردان لەسەر هاوکارییە سەربازییە گرنگەکان درووستدەکات کە کیێڤ چەند مانگێک لەمەوبەر پێشبینی پەسەندکردنی دەکرد.

سیرسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ پاراستنی ئەو بەرەیە سەردانی ناوچە گەمارۆدراوەکەی کردووە، کە هێزە هێرشبەرەکانی ڕوسیا بە بەکارهێنانی تانک و زرێپۆش و سوودوەرگرتن لە ماوەی وشک و گەرمی کەشوهەوا، وایکردووە هاتوچۆکردنیان ئاسانتر بێت.

کەناڵەکانی سۆشیال میدیا هەواڵی کەوتنی گوندی بۆهدانیڤکا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و لە ڕۆژئاوای باخمووت بڵاوکردەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی لە کیێڤ ئەمەی ڕەتکردەوە.

وەزارەتەکە دانی بە چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکەدا ناوە، هەروەک ڕایگەیاندووە کە شەوی هەینی ڕابردوو هێزە هێرشبەرەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە جەرگەی شارۆچکەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بۆهدانێڤکا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەرگریدایە.

لای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی گوندێکی پێرڤۆمایسکییان کردووە کە دەکەوێتە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا و چەند مانگێکە مۆسکۆ هێرشەکانی تێدا چڕکردووەتەوە.

سیرسکی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە زرێپۆشەکانی ڕوسیا هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی کیێڤ لە بەرەی لیمان و باخموت، هاوکات دەیان تانک و زرێپۆشی گواستنەوەی سەرباز بەکاردەهێنن بۆ هەوڵدان بۆ شکاندنی هێڵەکانی بەرەی پۆکرۆڤسک.

فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا باڵادەستی تەکنەلۆژیی بەسەر ڕووسیا لە چەکی پێشکەوتوودا ڕێگە بە کیێڤ دەدات "دەستپێشخەری ستراتیژی" لە دوژمنێکی گەورەتر و باشتر پڕچەککراودا وەربگرێت.