هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل چی کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق دەبێت؟

جیهان

15/04/2024‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شرۆڤەکاران و پسپۆڕانی ئەمنیی پێیانوایە وەڵامدانەوەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لەڕێگه‌ی هێرشی موشەکیی و درۆنییەوە، هیچ لێکەوتەیەکی نەرێنیی ئەووتۆی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق نابێت، بەوپێیەی هەمولایەنەکان بەرەو چارەسەرکردنی دۆخەکەدان و نایانەوێت بەرەو گرژیی زیاتر بچن.


لیوا ڕوکنی خانەنشین عیماد عەلۆ بەڕێوەبەری سەنتەری "الاعتماد" بۆ لێکۆڵینەوەی ئەمنیی و ستراتیژییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" وتوویه‌تى، “ کاریگەرییە ئەمنییەکانی بۆردومانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لەسەر عێراق لە قۆناغی داهاتوودا بەدووردەزانرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو پێوەر و داتاکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە هەمووان لەگەڵ چارەسەری سیاسیی و گرژنەکردنی دۆخەکەدان، بەشێوەیەک لە ڕووی سەربازییەوە دۆخەکە کۆنترۆڵبکرێت و سنووردار بکرێت و ڕێگریی لە سەرهەڵدانی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت.

بە وتەی عەلۆ، “ئێران سەرکەوتوو بووە لە ناردنی پەیام و نمایشکردنی هێز و توانای لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە، هەروەک ناردنی پەیام بۆ جیهان، بەتایبەتیی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە توانای وەڵامدانەوە و بەزاندنی ئەو هێڵە سوورانەی هەیە کە ئەمریکا لەبەردەم هەرلایەنێکدا داینابوو کە هەوڵی هێرشکردنەسەر ئیسرائیل بدات”.

ڕوونیکردۆتەوە، "ناوچەکەی ئێمە لە لێواری قۆناغێکی نوێداین کە تێیدا یاساکانی بەریەککەوتن گۆڕاون و زۆرێک لە هاوکێشەکان لە چوارچێوەی هاوکێشەکانی بەرپەرچدانەوەی یەکتر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا گۆڕاون".

پێشبینیشیکردووە، سوریا لەپێشوو زیاتر کاردانەوەی سەربازیی ئیسرائیلی لەسەربێت، دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بەبێئەوەی عێراق بە هیچ کاردانەوەیەکی ئەمنی و سەربازییەوە کاریگەری لەسەربێت.

سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ 14ی نیسانی 2024 ڕایگەیاند، هەموو ئەو پێگانەی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج سەربازی بوون و بە سەرکەوتوویی لێیاندراوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، هێرشەکە بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژمارەیەکی زۆر مووشەک لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە ئەنجامدراوە و هەموو ئامانجەکانیش کە لێیاندراوە سەربازی بوون.

جەختی لەوەشکردەوە کە “ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە هەڵدراون ئامانجە سەربازییە گرنگەکانی سوپای ئیسرائیلیان لەناوبردووە".

سوپای ئیسرائیلیش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕوونیکردەوە کە ئێران "زیاتر لە 300 هەڕەشەی جۆری جۆراوجۆری ناردووە"، لەنێویاندا "مووشەکی بالیستی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز".

جەختی لەوەشکردەوە کە "لە کۆی زیاتر لە 120 مووشەکی بالیستی، ژمارەیەکی زۆر کەم چوونە ناو سنووری ئیسرائیل و بەر بنکەیەک کەوتن و زیانێکی کەمیان گەیاندووه‌".