مەترسییەکی گەورە لەسەر عێراق ئاشکراده‌كرێت

کوردستان

16/04/2024‌ 1943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراقەوە مەترسییەکی گەورە ئاشکرادەکات کە كاریگه‌رى لەپێگەی هەرێم ده‌كات‌و دەڵێت، "چەند ئامادەبونی ئەمریکا کاڵ ببێتەوە لەعێراقدا، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت لەعێراق".

 
عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق‌و هەرێم لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "چەند ئامادەبونی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا کاڵبێتەوە لەعێراقدا، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت لەعێراق‌و ئه‌گه‌ر ئامادەییان زیاتربێت، ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان لەوڵاتەکە بەهێزتر دەبێت".

عادل باخەوان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەمریکا کەمترین ئامادەیی هەبێت ئەوا حکومی میلیشیاکان لەعێراق بەهێزتر دەبێت، ئەگەریش زۆرترین ئامادەیی هەبێت حوكم‌و دەسەڵاتی میلیشیاکان لاواز دەبن".

باخەوانی وتیشی، "پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە، بۆیە لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشدایە کە سەردانەکەی سودانی سەرکەوتوبێت".

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە ڕاشیگەیاند، "یەکەم ئامانجی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە دەیەوێت پاڵپشتی ئەمریکای هەبێت بۆ ئەوەی لەچوارساڵی داهاتوو دوبارە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمریکاش دەیەوێت ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ سودانی واژۆبکات، ڕێککەوتنەکە گشتگیرەو هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت دەبێت ڕێککەوتنەکە گرێنتی بەردەوامی هەژموونی ئەمریکا لەعێراق بکات".

ناوبراو ئەوەشیخستەڕوو، هیچ کەسێک بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکاو ئێران ناتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، باخەوان دەڵێت، "سودانی خزمەتی ستراتیژییەتی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لەهەمانکاتدا ئەمریکاش دەیەوێت بەکارت بهێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی خۆى پێبکات".