سی ئێن ئێن: ئیسرائیل لەپێناو تۆڵەکردنەوە لەئێران ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ڕەفەح دوادەخات

جیهان

16/04/2024‌ 391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوەکردوە، تەلئەبیب خەریک بوە هێرشی وشکانیی بۆسەر ناوچەی ڕەفەح لەباشوری کەرتی غەززە ئەنجامبدات، بەڵام دوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئەو وڵاتە بیر لەوەدەکاتەوە، ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ڕەفەح بۆ دوای تۆڵەکردنەوە لەئێران دوابخات.


کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردوه‌تەوە، بڕیاربوو هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕۆژی دوشەممە بڵاوکراوە لەسەر بەشێک لەڕەفەح بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە ئەم پلانانەی ڕاگرت، بەرپرسێکی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندوە، ئیسرائیل هێشتا سورە لەسەرئەوەی هێرشی زەمینی بۆسەر ڕەفەح ئەنجامبدات، هەرچەندە کاتی چۆڵکردنی مەدەنییەکان‌و هێرشی زەمینی داهاتوو لەئێستادا ناڕونە، سوپای ئیسرائیلیش ئامادەنەبوە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردوە، کابینەی جەنگ تائێستاش بڕیارە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە، جگە لەئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی، بیر لەبژاردەی دیپلۆماسیی دەکاتەوە بۆ "گۆشەگیرکردنی زیاتر"ی  ئێران لەسەر شانۆی جیهانیی.

ئەو دوو بەرپرسە ئاشکرایانکردوە کە ئەندامێکی دیاری کابینەی جەنگ بەناوی (بینی گانتز) پاڵپشتی بۆ وەڵامدانەوەی خێراتر بۆ هێرشەکەی ئێران کردوە، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران تائێستا خۆی لەبڕیاردان بەدورگرتوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، گانتز پێیوایە، تا ئیسرائیل وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران دوابخات، کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە قورستر دەبێت، ئەمەش دوای هۆشدارییەکی ڕۆژئاوایی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل بەوەی دۆخەکە گرژتر نەکات.

سی ئێن ئێن دەڵێت، حکومەتی ئیسرائیل درک بەوە دەکات کە وڵاتەکە لەئێستادا پاڵپشتی نێودەوڵەتیی‌و ئیرادەی باشی هاوپەیمانەکانی هەیەو نایەوێت ئەوە بەفیڕۆ بدات. لەهەمانکاتدا حکومەت درک بەوە دەکات کە ناتوانێت ڕێگە بدات یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بێوەڵام بمێنێتەوە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە، لەنێو ئەو بژاردە سەربازییانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن، حکومەتی جەنگ بیر لەهێرشکردنەسەر دامەزراوەیەکی ئێرانی دەکاتەوە کە پەیامێک دەنێرێت، بەڵام خۆ بەدوردەگرێت لەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.