شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق هەشت مانگ لهمهوبهر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988ی کرد، کە بریتییە لەتوندکردنی سزاکان، بەتایبەتی هاوڕەگەزبازی یان ژن گۆڕینەوە.
هەموارکردنەوەی یاساکە کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە خرایەڕوو، بۆ یەکەمجار لە 15ی ئابی 2023 خوێندنەوەی بۆکرا، هاوکات یاساکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوەو فشاری نێودەوڵەتیش لەسەر پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی یاساکە جێبەجێنەکات.
دوای کشاندنەوەی یاساکە، بەشێک لەئەندامانی پەرلەمانو لیژنەی یاسایی تانەیان لەدادگای فیدراڵی لەدژی کشانەوەی ئەو یاسایە تۆمارکرد، دادگای باڵای فیدراڵی لەمانگی 1ى ئهمساڵدا بڕیاریدا کە کشاندنەوەی یاساکە نادەستورییەو دواتر پەرلەمان توانیی لە 1ی شوباتی ئهمساڵ، خوێندندنەوەی دوەم بۆ یاساکە بکات.
دوێنێ دوشەممە یاساکە خرایە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان، لەبڕگەی دوەمدا دوای بڕگەی دەنگدان لەسەر یاسای هەموارکردنەوەی یاسای چاودێریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، پەرلەمان دانیشتنو دەنگدان لەسەر یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشیو بڕگەکانی دیکەی لەشفرۆشی دواخست.
چەند کاتژمێرێک دوای دواخستنەکە، لیژنەی یاسایی کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا، بۆ تاووتوێکردنی ئەو تێبینیانەی کە پێشکەشکرابون سەبارەت بەیاسای پێشنیازکراوی هەموارکردنی یەکەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی ژمارە (8)ی ساڵی 1988 پێشئەوەی دەنگدانی بۆ بکرێت، بەڵام لیژنەکە باسی لەناوەڕۆکی ئەو تێبینیانە نەکرد.
زانیارییو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، هەموارکردنی یاساکە توندکردنی سزاکانی هاوڕەگەزبازانی لەخۆگرتوە کە سزاکە دەگاتە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی، ئەمەش وایکردوە زۆرێک لەباڵیۆزەکانو ڕێکخراوەکانو وڵاتانی ڕۆژئاوا بترسن لەپەسەندکردنی ئەم یاسایە، کە ڕەنگە یاساکە ببێتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری دیپلۆماتکارانی سێ وڵاتی ڕۆژئاواییەوە ڕایگەیاندوە، بەهۆی مەترسییەکان لەسەر مافی مرۆڤ، فشاریان خستوهتەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئەوەی ڕەشنوسی یاساکە پەسەندنەکەن، لەبەرئەوەی کارکردن لەگەڵ عێراقیش لەڕوی سیاسییەوە قورسدەکات.
دیپلۆماتکارێکی باڵا کە داوایکرد بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ناوی نەهێنرێت بهڕۆیتهرزى وتوه، "زۆر قورس دەبێت پاساو بۆ کارکردن بهێنینەوە لەگەڵ وڵاتێکی وەک عێراق، ئێمە با زۆر ڕاشکاوبین، ئەگەر ئەم یاسایە بەشێوەی ئێستای تێپەڕێنرێت، دەرئەنجامەکانی کارەسات دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵیو بازرگانییەکانمان".
هاوڕەگەزبازی لەزیاتر لە 60 وڵاتی جیهان بەتاوان دادەنرێت، هاوکات لەزیاتر لە 130 وڵاتی دیکەی جیهان ڕێگە پێدراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆگەندا لەمانگی ئایاری ساڵی ڕابردودا یاسای سزای لەسێدارەدانی بۆ هاوڕەگەزبازی دەرکرد، لەبەرامبەردا بانکی نێودەوڵەتی، قەرزە نوێیەکانی بۆ ئەو وڵاتەی ئەفریقا ڕاگرت، هەروەها ئەمریکا ڤیزاو گەشتکردنی بەسەر بەرپرسانی ئۆگەندا سنوردارکرد.
یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 مادەیەکی تێدایە کە ئەوکەسانەی کردەوەی "نێربازی دەکەن" بەتاوانبار وەسفیکردون، ئەگەرهاتو دوو مەرجی تێدابوو، وەک "تەمەنی باڵغنەبون، یان نەبونی ڕەزامەندی کەسەکە، واتە لەئەگەری باڵغبون یان ڕەزامەندیی کەسەکە هیچ سزایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لەو کردەوەیە".