لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: ئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتۆن دڵخۆشکەرە

عیراق

17/04/2024‌ 274 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند كە گفتوگۆكانی سەرۆكوەزیران لە واشنتۆن دڵخۆشكەرە.

عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە راگەیەندراوێكدا  كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە: سەردانەكەی سەرۆك وەزیران محەمەد  شیاع سودانی و شاندی یاوەری بۆ واشنتۆن  دڵخۆشكەری زۆری دروستكردووە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە عەتوانی "پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو لێكتێگەیشتنە ئەرێنییانە دووپاتكردەوە كە لە ئەنجامی كۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە لایەنی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ بوارەكانی گەشەپێدان، ئاوەدانكردنەوە، ئابووری و وەبەرهێنان کراون".

هەروەها عەتونی پێشوازی لە "ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەمریكا کرد لە پابەندبوونی ئەمریكا بە پاڵپشتیكردنی عێراق بۆ چاكسازی و پەرەپێدانی سیستمی دارایی و بانكی و زەمینە خۆشكردن بۆ ئەو بانكە عێراقیانەی مۆڵەتیان هەیە تا مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانكە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییە پەسەندكراوەكان بكەن". 

 عەتوانی ئاماژەی بەوەشكرد، "هەموومان متمانەمان بە شاندی دانوستانكاری عێراقی هەیە و شانازی دەكەین ، هیوای خۆی دەربڕی كە ئەم گفتوگۆیانە دەبێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەكی ڕاستەقینەی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا بە شێوەیەك كە خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدەست بهێنێت".