شارپرێس
سەرۆكی دادگای فیدڕالی
رایگەیاند، بەپێی ماددەكانی دەستور بڕیاریان لەبارەی بە نیشتمانكردنی مووچەی مووچەخۆران
و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان داوە.
جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی
دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئەتیلا تار باڵیۆزی هەنگاریا كۆبوەوە و رایگەیاند، دەستووری
كۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بنەماكانی ماف و ئازادییەكانی خەڵكی عێراقی چەسپاندووە و
ئەو بنەمایانە كە دەبنە هۆی دەستەبەركردنی ماف و ئازادییانە گەلی عێراق كە گرنگترینیان
یەكسانییە لەسەر بنەمای بڕگەكانی ماددەی 14ی دەستور بڕیار لەسەر مووچەی مووچەخۆران
دراوە.
سەرۆكی دادگای فیدراڵی
وتیشی: دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات
بەپێی ماددەی شەشی دەستوورە كە دەرفەتی یەكسانی بەپێی بڕگەكانی ماددەی ١٦ رێگە بە
دامەزراندنی حزب دەدات.
دەشڵێت: سیستەمی دیموكراسی
لە عێراق پێویستی بە دامەزراوەی دەستووری هەیە لەگەڵ سیستەمێكی هەڵبژاردنی دروست و
بوونی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردن بە لەبەرچاوگرتنی
بڕگەكانی ماددەی ١١٠ی دەستوور و ماددەی ١١٧ی دەستوور سەبارەت بە چەسپاندنی دەستووری
كۆماری عێراق لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی وەك هەرێمێكی فیدراڵی.