ئەمەریكا لەگەڵ یەكگرتوویی عێراقە و دابەشكردنی رەتدەكاتەوە

عیراق

19/04/2024‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لیندسی گراهام ، گەورە سیناتۆڕی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ بەیەکپارچەیی مانەوەی خاکی عێراقدان، ئەوەش بە بابەتێکی ئاڵۆز وەسف کردووە کە بۆ ساڵانی داهاتووش هەر بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە، جەختیشی کردۆتەوە کە لەبەرژەوەندیی ئەمریکایە عێراق بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە.

گراهام لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە: ئەوان دەیانەوێت عێراق بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و نەوەک دابەش بکرێت، ئەوەشی وەک بابەتێکی ئاڵۆز وەسف کردووە و جەختیشی لەوەکردۆتەوە کە بۆ ساڵانی داهاتووش ئەو پرسە هەر بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە پوختەی قسەکانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی: باسی پرسی داعش و بارودۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و یەکێتی خاکی عێراق و کوردی کرد، هەروەک وتویەتی: " کۆبوونەوەیەکی زۆر نموونەییمان ئەنجامدا و تێیدا گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە سەقامگیریی ناوچەکە و گەرەنتیکردنی نەگەڕانەوەی داعش، لەبەرئەوەی ئەو لەبەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە".

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە وتویەتی، “دۆخی ناوچەکە کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە، چونکە بەغدا پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ ئێران هەیە”، هەروەک دەڵێت “سەرۆکی حکوومەتی عێراق کەسێکی خاوەن ئەزموونە و من پێم وایە لەبەرژەوەندی ئەمریکایە بۆ ئەوەی عێراق وەک وڵاتێک یەکگرتوو بمێنێتەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە پێشبکەوێت”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند، “رێگاکانی دابەشکردنی سەروەت و سامان گفتوگۆیەکی بەردەوامە، چونکە واشنتۆن دەیەوێت عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە و دابەشی نەکات، ئەمەش پرسێکی ئاڵۆزە و بۆ ساڵانی داهاتوو ئاڵۆزی دەمێنێتەوە. ”
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی