عێراق ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکات‌و دۆلار دادەبەزێت

ئابوری

20/04/2024‌ 1900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ بانکی "جەی پی مۆرگان" دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر لە نرخی دۆلار، ده‌شڵێت:"ڕێوشوێنەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە تەواویی جێبەجێدەکرێن".


بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای جەی پی مۆرگان گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ دابینکردنی دۆلاری زیاتر و چاکسازیی لە سیستەمی بانکیی  عێراقدا.

بەگوێره‌ى ڕێککەوتنەکە سیستەمی دارایی و بانکیی عێراق لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوئاهەنگ دەبێت، ڕاوێژکارانی JP Morgan سەرپەرشتی هەنگاوی ئەرێنی بۆ سیستەمی بانکیی لە عێراق دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی دۆلار بەتەواوی بەهۆی ئاستی دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، عید هیلالی ئەندامی وه‌فدى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتۆن دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، بەتایبەتیی لە بواری داراییدا، ڕێکارەکانیش بەرەو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دۆلار دەڕۆن‌و لەداهاتوودا دۆلار دادەبەزێت.