ڕۆژنامەیەکی سعودیی شێوازی کۆبونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردە سوننیەکانی عێراق بەشەرمەزارکەر وەسفدەکات

جیهان

27/04/2024‌ 4351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعودی شێوازی کۆبونەوەو دیداری سەرکردە سوننیەکانی عێراق لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەبەغدا بەسەیرو شەرمەزارکەر وەسفکردوەو جەختیكردوه‌ته‌وه‌، تورکیا بەئەنقەست لەڕێگه‌ی ئەو وێنەیه‌وە ویستویەتی پەیامی پاشکۆیەتیی سوننە بۆ تورکیا پیشان بدات.


سەرچاوەیەکی سیاسیی سوننە کە نەیویستوە ناوی خۆی ئاشکرابکات بەڕۆژنامە سعودییەکەی وتوە، "شێوازی ڕێکخستنی کۆبونەوەی سەرکردە سوننەکان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن باڵیۆزخانەی تورکیا بەتەواوەتیی نەشیاو بوو".

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی:"شێوازی کۆبونەوەکە نەگونجاوو دوبارە بوو، بەو واتایەی هاوشێوەی ئەو دیدارە بوو کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردە سوننەکان لەئەنکەرە کۆبوه‌وە، بۆیە بەئەنقەست ویستیان شێوازی دانیشتنەکە هاوشێوەی ئەوەی پێشوتربێت".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرچاوەکە بەشەرقولئەوسەتی ڕاگه‌یاندوه‌، "کۆکردنەوەی سەرکردە سوننەکان لەگەڵ ئەردۆغان بێئەوەی هیچ گفتوگۆیەکی تێدا بکرێت، تەنها بەئامانجی گرتنی وێنەیەک‌و ناردنی ئەو پەیامە بوە کە سوننەکان سەر بەتورکیان، کە ئەوان وەک خۆیان لەگەڵ ئەوەدانین".

لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردوە، بانگهێشتنامەکە کراوەو بەدەمەوەچونیش هەبوە، بەڵام شێوازی دەرهێنانی کۆبونەوەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی تورکیاو باڵیۆزخانەی تورکیا نەشیاو بوە. لەبەرئەوەی شێوازی دانیشتنی سەرکردە سوننەکان لەبەرامبەر ئەردۆغان پاشکۆیەتیی‌و فەرمانبەسەرکردنی پێوەدیارە.