گرێكوێرەكەی‌ كەركوك
بەدوو حكومەت گوندێكیان پێ‌ كۆنتڕۆڵ ناكرێت

عیراق

14/04/2016‌ 2406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بۆ دوو ساڵ دەچێت بەهێزەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و عێراقەوە لەهەوڵی‌ ئەوەدان گوندی‌ بەشیر كۆنترۆڵ بكەنەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لێی‌ نەچوونەتە پێشەوە.

مانگێك بەر لەئێستا هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان‌و حەشدی‌ شەعبی‌ توركمانی‌ بڕیاریاندا بەهاوكاری‌ فرۆكەكانی‌ هاوپەیمانان گوندی‌ بەشیر (27كم باشووری‌ كەركوك) لەداعش بسەننەوە، بەڵام لەدوا ساتەكاندا بەبێ‌ بوونی‌ هۆكارێكی‌ روون پرۆسەكە راگیرا.

گوندی‌ بەشیر سەر بەناحیەی‌ تازەیەو یەكێكە لەگەورەترین گوندەكانی‌ سنوری‌ كەركوك كە هەزارو 278 خانووی‌ تێدایەو نزیكەی‌ چوار هەزار كەس تێدا نیشتەجێ‌ بوون، زۆرینەی‌ دانیشتوانەكەی‌ توركمانی‌ شیعە مەزهەبن، رۆژی‌ 19ی‌ تەموزی‌ ساڵی‌ 2014 گوندەكە كەوتە دەست داعش‌و دانیشتوانەكەی‌ ئاوارەی‌ كەركوك بوون.

رۆژی‌ 15ی‌ ئازاری‌ ئەمساڵ لەدیوانی‌ پارێزگای‌ كەركووك كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی‌ باڵا لەنێوان فەرماندەكانی‌ هێزی ئاسمانی‌و وشكانی عێراق‌و وەزیری‌ ناوخۆی‌ هەرێم‌و جێگری‌ وەزیری‌ پێشمەرگەو ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدرو فەرماندەكانی پێشمەرگەو هێزی حەشدی شەعبی توركمانی‌ لەسنوری‌ كەركوك‌و مەخمور ئەنجامدرا، لایەنە بەشداربووەكان ڕێكەوتن لەسەر ئازادكردنی‌ گوندی‌ بەشیرو چەند ناوچەیەكی‌ دیكەی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ داعش، بەڵام ڕۆژی‌ 2ی‌ نیسان لەكاتی‌ جێبەجێكردنی‌ پلانەكە بۆ گرتنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر پرۆسەكە راگیرا.

توركمانەكان ئێجگار لەو دواخستنە ناڕەحەتن‌و پێیان وایە بەئەنقەست كار دەكرێ‌ بۆ ئەوەی‌ بەشیر لەدەستی‌ داعشدا بمێنێتەوە، چونكە "خزمەتی‌ ئامانجی‌ سیاسی‌" هەندێ‌ لایەن دەكات.

ئەبو ڕەزا نەجار بەرپرسی‌ میحوەری‌ باشوری‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ توركمانی‌ لەكەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "بەئەندازەی‌ پلان‌و كۆبونەوەكان بۆ گرتنەوەی‌ شاری‌ موسڵ، پلان‌و كۆبونەوە لەنێوان حكومەتی‌ عێراقی‌‌و هەرێمی‌ كوردستان بۆ گرتنەوەی‌ بەشیر ئەنجامدراوە، بەڵام هەر نەتوانراوە ئەو گوندە كۆنترۆڵ بكرێتەوە، چونكە دۆسیەی‌ بەشیر بە سیاسی‌ كراوە".

ئەبو ڕەزا نەجار دەشڵێت "پێشمەرگە ئامادە نەبوو مەرجەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ توركمانی‌ جێبەجێ‌ بكات لەبارەی‌ شێوازی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌، بۆیە زۆر كات بابەتی‌ پێشوەختەیان كردۆتە مەرج وەك بەرزكردنەوەی‌ ئاڵای‌ كوردستان بەتەنیشت ئاڵا عێراقەوە یان مانەوەی‌ پێشمەرگە لەنێو بەشیردا."

بەپێچەوانەی‌ لێدوانی‌ بەرپرسەكەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ توركمان، فەرماندەی‌ میحوەری‌ باشوری‌ كەركوكی‌ پێشمەرگە ئاشكرای‌ دەكات پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر ئامادەكرابوو، بەڵام بەهۆی‌ بەربەرستەكانی‌ حكومەتی عێراقی‌ پلانەكە دواكەوتووە.

وەستا ڕەسوڵ كەركوكی‌ فەرماندەی‌ میحوەری‌ چواری‌ باشوری‌ كەركوكی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بە"نیقاش"ی‌ وت "كۆنترۆڵنەكردنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر پەیوەندی‌ بەهاوكارینەكردنی‌ حكومەتی‌ عێراقیەوە هەیە، چونكە بڕیاریاندابوو لەرووی‌ پێداویستی‌‌و چەكەوە هاوكاری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ توركمانی‌ بكەن كە زۆرینەی‌ توركمانی‌ شیعە مەزهەبن، بەڵام لەبری‌ هاوكاری‌ سەربازی‌ هێزیان نارد بۆ ناوچەكە".

ئەو فەرماندەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە دەشڵێت "هەرچەندە فڕۆكەی‌ هاوپەیمانان ئامادەنەبوون لەشوێنێك ئاڵای‌ ئاینی‌‌و مەزهەبی‌ هەبێت بۆردومان دەست پێبكەن، بەڵام بەهۆی‌ ئامادەیی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەشیر، چەند جارێك بۆردومانی‌ داعش یان لەو سنورە كردووە".

لەدواین كۆبوونەوەی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ لەمانگی‌ ئازاری‌ رابردوو پارێزگای‌ كەركوك نەجمەدین رایگەیاند "حكومەتی عێراقی تەگەرە دەخاتە بەردەم ئەو پلانەی‌ نێوان هێزە ئەمنیەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ بەشیر، لەكاتێكدا ئازادكردنی‌ بەشیر مەترسی‌ لەسەر ناحیەی‌ تازە دوور دەخاتەوە".

بەرپرسانی‌ ناوچەكە ئاماژە بەوە دەكەن كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر تاكو درەنگتر بكەوێت مەترسی‌ زیاتر لەسەر ناحیەی‌ تازە دروست دەكات كە تەنها 10 كیلۆمەتر لێوەی‌ دوورە، بەشیر وەكو موڵگەیەكی‌ سەرەكی‌، داعش بەكاریهێناوە بۆ ئاڕاستەكردنی‌ موشەك‌و كاتیۆشا بۆ ناحیەی‌ تازە كە كڵاوەی‌ گازی‌ كیمیاییان لەسەر بووە.

حەسەن تۆران پەرلەمانتاری‌ توركمان لەپەرلەمانی‌ عێراق لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند سەرەتای‌ مانگی‌ ئازار داعش چەكی‌ كیمیایی‌ دژی‌ دانیشتوانی‌ ناحیەی‌ تازە بەكارهێناوە، لایەنە تەندروستییەكانیش رایانگەیاند لێكۆڵینەوە دەكەن بۆ دڵنیابوون لەبەكارهێنانی‌ غازی‌ كیمیایی‌.

هەر ئەو بەرپرسەی‌ توركمان رایگەیاند منداڵێكی‌ تەمەن سێ ساڵ بەهۆی‌ گازی‌ كیمیاوییەوە گیانی‌ لەدەستداوەو 600 كەس بەهەمان هۆكار سەردانی‌ نەخۆشخانەكانیان كردووەو بەشێكیان گوێزراونەتەوە بۆ كەركوك‌و بەغدا.

زیاد غەفوور (31 ساڵ) دانیشتووی‌ ناحیەی‌ تازەیە، وەك خۆی‌ دەڵێت یەكێكە لەبەركەوتوانی‌ چەكی‌ كیمیاویی‌ لەهێرشكانی‌ داعشدا بە"نیقاش"ی وت "ئێمە بووینەتە قوربانی‌ ململانێیەكی‌ سیاسی‌، چونكە گوندی‌ بەشیر كۆنترۆڵ بكرایەتەوە داعش نەیدەتوانی‌ چەكی‌ كیمیاویی‌ لەدژی‌ هاوڵاتیانی‌ ناحیەكە بەكاربهێنێت".

زیاد دەشڵێت "پێش ئەوەی‌ چەكی‌ كیمیاویی‌ ئاڕاستەی‌ ناحیەی‌ تازە بكرێت، داعش هاوەنی‌ دەگرتە سەنتەری‌ ناحیەكە، بەو هۆیەوە چەندجارێك خۆپیشاندانمان كردو رێگەی‌ سەرەكی‌ كەركوك-بەغدامان داخست بەڵام بێسوود بوو".

رۆژی‌ 11ی‌ ئازاری‌ رابردوو  زیاتر لە200 هاوڵاتی توركمانی‌ شیعە مەزهەب كە دانیشتووی‌ ناحیەی‌ تازەو گوندی‌ بەشیر بوون، بەبەشداری ژمارەیەك بەرپرسی حزبی‌و حوكمی پارێزگای‌ كەركوك، خۆپیشاندانێكیان سازكردو داوای ئازادكردنی‌ ئەو گوندەیان دەكرد.

ئەبو وەلید شكور یەكێك لەسەرپەرشتیارانی‌ خۆپیشاندانەكەی‌ ناحیەی‌ تازە بە"نیقاش"ی‌ وت "ڕۆژێك دوای‌ خۆپیشاندانەكە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبەغدا لەگەڵ كەسایەتیەكانی‌ ناحیەی تازەو گوندی بەشیر كۆبوەوەو پێی‌ ووتین هەفتەی‌ ئایندە بەشیر ئازاد دەكرێت‌و ئەو كارەی داعش لەناحیەی‌ تازە ئەنجامیداوە بەبێ سزا بەسەریدا تێپەڕنابێت، بەڵام تاكو ئێستا بەشیر ئازاد نەكراوە".

جگە لەئامادەكاری‌ پێشمەرگەو حەشدی‌ شەعبی‌ توركمانی‌ هێزێكی‌ دیكەی‌ لەنزیك گوندی‌ بەشیر لەسەر فەرمانی‌ مەرجەعی‌ باڵای‌ شیعەی‌ عێراق جێگیركراون، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانیوە هیچ هەنگاوێك بۆ ئازادكردنی‌ بەشیر هەڵبهێنن.

هێزی‌ "فیرقەی شەڕكەری‌ عەباس" كە زۆرینەی‌ چەكدارەكانی‌ عەرەبی‌ شیعە مەزهەبن‌و سەر بەعەلی‌ سیستانی‌ مەرجەعی‌ باڵای‌ شیعەن، ماوەی‌ مانگێكە هاتوونەتە ناحیەی تازەی‌ سەر بەپارێزگای‌ كەركوك.

بەوتەی‌ مەیسەم زەیدی‌ فەرماندەی‌ فیرقەی "فیرقەی‌ شەڕكەی‌ عەباس" بۆ "نیقاش" كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر نزیكە، بەڵام بەهۆی‌ بۆمبڕێژكردنی‌ تەواوی‌ گوندەكە پلانی‌ گرتنەوەكەی‌ دواكەوتووە.

لەنێوان ئەم لێكدانەوەو بۆچوونە جیاوازانەدا رۆژ بەرۆژ ئازادكردنەوەی‌ بەشیر دوا دەكەوێت، چونكە نە لایەنە كوردییەكان بەوە رازین بێ‌ ئەوان گوندەكە بگیرێتەوە نە توركمانەكان‌و حكومەتی‌ عێراقیش بەوە رازین پێشمەرگە لەگوندەكەدات بمێنێتەوە، تا ئەوەش یەكلایی‌ دەكرێتەوە مەترسییەكانی‌ سەر ناحیەی‌ تازە درێژە دەكێشن.