ناكۆكی‌ هەولێرو ناوەند
ئەمەریكا گەمەكە لەقازانجی‌ بەغدا یەكلایی‌ دەكاتەوە

کوردستان

21/04/2016‌ 5032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
لەعێراقدا كورد بەنزیكترین دۆستی‌ ئەمەریكا ناسراوە، بەڵام لەهەموو وێستگە جیاوازەكاندا بەغدا بۆ ئەمەریكا لەپێشتر بووە وەك هەولێر، جموجۆڵەكانی‌ ئەم دواییەش ئەو راستییە دەسەلمێنن.

جۆن كیری‌ وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا رۆژی‌ 8 نیسان بەسەردانێكی‌ یەك رۆژە گەیشتە عێراق‌و لەشاری‌ بەغدا دوای‌ كۆبوونەوەی‌ لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق‌و چەند بەرپرسێكی‌ تر، لەباڵوێزخانەی‌ ئەمریكا چاوی‌ كەوت بەشاندێكی‌ باڵای‌ هەرێمی‌ كوردستان بەسەرۆكایەتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێم.

وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا، لەهاتنەكەی‌ بۆ عێراق چەند ئامانجێكی‌ هەبوو، وەك ئەوەی‌ كونسوڵخانەی‌ ئەمەریكا لەهەولێر بڵاویكردەوە، بۆ تاوتوێكردنی‌ پرسی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌‌و ئەمنی‌‌و ئابووری‌ عێراق چووەتە بەغدا، هەروەها بۆ جەختكردنەوەی‌ هاوكارییەكانی‌ وڵاتەكەی‌ بووە بۆ هێزە عێراقییەكان لەشەڕی‌ دژی‌ داعش، بەتایبەتی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ شاری‌ موسڵ.

سەردانی‌ جۆن كیری‌ بۆ بەغداو بینینی‌ شاندی‌ هەرێم لەو شارەو نەهاتنی‌ بۆ هەولێر ئێستا مشتومڕێكی‌ زۆری‌ لێكەوتووەتەوە، بەشێوەك لەناو بەرپرسانی‌ حیزبی‌‌و چاودێرانی‌ سیاسی‌ ئەوەی‌ لێدەخوێنرێتەوە، كە ئەمریكا جارێكی‌ ترو لەوێستگەیەكی‌ تری‌ سیاسی‌ بەغدای‌ بەسەر هەولێردا هەڵبژاردووەو چیتر ئەو پشتگیرییەی‌ بۆ هەولێر هەیبوو، ئێستا نەیماوەو دەیەوێت ناوەندی‌ دەسەڵات‌و مەركەزییەت بۆ بەغدا بگەڕێتەوەو هەر لەو رێگەیەشەوە هاوكاری‌ هەرێمی‌ كوردستان بكات.

مشتومڕەكان بەشێوەیەكە كە بەشێك لەچاودێرانی‌ سیاسی‌ پێیانوایە ئەمریكا نایەوێت مامەڵەی‌ سیاسی‌ لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بكات، كە پۆستەكەی‌ لەڕۆژی‌ 19ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ پارەوە كێشەی‌ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم دروستكردووە، هەرچەندە بۆچوونێكیش هەیە ئەم لێكدانەوەیە رەت دەكاتەوە.

د. سەردار عەزیز راوێژكاری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان رونیدەكاتەوە دوا سەردانی جۆن كێری بۆ بەغدا، سەردانێك بوو بەئەجیندایەكی سەرقاڵەوە، لەهەموو كات زیاتر پێویستی دەكرد سەردانی هەولێر بكات، بەڵام ئامادەنەبوو بێت، بەڵكو شاندی هەرێم چۆ بۆ بەغدا بۆلای.

بەوتەی‌ سەردار عەزیز نەهاتن بۆ هەولێرو بانگهێشتكردنی شاندی كورد بۆ بەغدا "ئاماژەی دیپلۆماسی زۆر لەخۆی دەگرێت، جۆن كیری بەوە ناسراوە ماندو نابێت لەسەردان‌و دەبوو بێتە هەولێر بۆ ئەوەی باس لەشەڕی داعش‌و گرتنەوەی موسڵ‌و گۆڕانكاری حكومەت لەبەغداو قەیرانی ئابووری بكات، كە هەموو كورد ڕاستەوخۆ پێوە پەیوەستن، بەڵام نەهات".

سەردار عەزیز بە"نیقاش"ی‌ وت "پەیامی ئەمریكییەكان لەڕێگای برێت مەكگوێركەوە (نوێنەری‌ ئۆباما لەهاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌) گەیەندار بەمەسعود بارزانی‌و نەهاتنی بەرپرسانی باڵاو مامەڵەكردن لەگەڵ بارزانی تەنیا لەڕێگای مەكگوێركەوە، نیشانەی ئەوەیە پۆستی سەرۆكی هەرێم قەیرانی تێدایە، ئەو هەنگاوەش جەختكردنەوەیە لەبینینی كورد تەنیا وەك شەڕكەرێك لەشەڕی داعشدا، ئێستا سنوورداربوونی پەیوەندی تەنیا لەبواری شەڕی دژە تیرۆردا نیشانەی ئەوەیە، كە كورد وەك ئامراز مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، نەك وەك هاوبەش".

دواینجار كە جۆن كیری‌ سەردانی‌ عێراقی‌ كرد، مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2014 بوو، ئەوكات دوای‌ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی‌ عێراق راستەوخۆ چووە هەولێرو لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ كۆبووەوە، هاتنی‌ كیری‌ بۆ هەولێر لەو كاتەدا نەهاتنی‌ لەئێستادا ئەو گریمانەیەی‌ زیاتر بەهێز كردووە، كە جارێكی‌ تر ئەمریكا لەقوڵبوونەوەی‌ قەیرانەكاندا بەغدا بەسەر هەولێردا هەڵدەبژێرێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لەئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لەبارەی‌ سەردانی‌ جۆن كیری‌ بۆ عێراق‌و بینینی‌ شاندی‌ هەرێم لەبەغدا بۆ "نیقاش" دەڵێت "جۆن كیری‌ لەو سەردانەیدا چەند پەیامێكی‌ روونی‌ هەبووە بۆ هەرێمی‌ كوردستان‌و بەروونیش ئەو پەیامانەی‌ بەروونی‌ بەشاندەكەی‌ هەرێمی‌ كوردستانداوە".

هۆشیار عەبدوڵڵا، كە وەك خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەكات بەوردی‌ زانیاری‌ لەبارەی‌ ناوەڕۆكی‌ كۆبوونەوەكەی‌ وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەمریكاو شاندەكەی‌ هەرێمی‌ دەست كەوتووە ئاماژە بەوە دەكات كە لەكۆبوونەوەكەدا بەڕوونی‌ ئەو پەیامە بە بەرپرسانی‌ هەرێم دراوە، ئەمریكا بەلایەوە گرنگە كێشەكانی‌ نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەربكرێت‌و پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەردوولا ئاسایی بكرێتەوە.

هەروەها سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئاشكرایكرد، دەشڵێت "ئیدارەی‌ ئەمریكا بەمەرج ئامادەیە هاوكاری‌ دارایی‌و سەربازی‌ عێراق‌و هەرێم بكات، مەرجەكەش خۆی‌ لەوەدا دەبینێتەوە هەردوولا چاكسازی‌ سیاسی‌و ئیداری‌و دارایی بكەن، هەروەها پەیوەندییەكانی‌ نێوانیان چاكبكەنەوە".

ئەم پشتگیرییەی‌ ئەمریكا بۆ عێراق‌و یارمەتیدانی‌ هەرێم لەرێگەی‌ بەغدا لەكاتێكدایە، ئێستا هەرێمی‌ كوردستان لەقەیرانێكی‌ قووڵی‌ دارایدایەو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە چەند جارێك داوای‌ هاوكاری‌ دارایی لەئیدارەی‌ ئەمریكا كردووە.

داواكارییەكانی‌ هەولێر لەواشنتۆن بۆ بەدەستهێنانی‌ پشتگیری‌ دارایی، لەرێگەی‌ ناردنی‌ چەند شاندێك بووە بۆ ئەمریكا، بەڵام لەدوای‌ چوونیان بۆ ئەمریكا شاندەكانی‌ هەرێم بەدەستبەتاڵی‌ گەڕاونەتەوەو سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن، كە ئەمریكا جەختیكردووەتەوە، تەنیا لەڕێگەی‌ بەغدا هاوكاری‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكەن.

دواینجار هەرێم شاندی‌ ناردە ئەمریكا، لەسەرەتای‌ ئەم مانگەدا بوو (نیسان) كە ئەوە سێیەم شاندی‌ هەولێر بوو، لەماوەی‌ ئەمساڵدا سەردانی‌ واشنتۆن بكەن‌و دوای‌ چەندین كۆبوونەوەش سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، شاندەكە ئەو ئامانجەیان نەپێكا كە بۆی‌ چوون.

لەو بارەوە سایتی‌ ئەلمۆنیتەر لەسەر سەردانەكەی‌ شاندی‌ هەرێم كە قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەت سەرۆكایەتی‌ دەكات راپۆرتێكی‌ بڵاوكردووەتەوە، بەپێی‌ راپۆرتەكە، شاندەكەی‌ هەرێم ئەم جارەش هیچ پشتگیرییەكی‌ راستەخۆی‌ دارایی ئەمریكایان بۆ هەولێر بەدەستنەهێناوەو ئەو چەند ملیۆنەش كە بڕیارە بدرێت بەپێشمەرگە دیسانەوە لەرێی‌ بەغداوە دەدرێت.

هێمن هەورامی‌ بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، كە لەمانگی‌ یەكی‌ ئەمساڵ سەرۆكایەتی‌ شاندێكی‌ كردو چووە ئەمریكا بۆ بەدەستهێنانی‌ پشتگیری‌ دارایی لەو بارەوە دەڵێت  "بەرپرسانی‌ ئەمریكا گوێیان لەداواكارییەكانمان گرتووە بۆ ئەوەی‌ هاوكاری‌ دارایی هەرێم بكەن، بەڵام تائێستا هیچ هاوكارییەكی‌ راستەخۆی‌ واشنتۆن لەڕووی‌ داراییەوە بۆ هەولێر نەبووە".

هێمن هەورامی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەرپرسانی‌ ئەمریكا باسیان لەوە كردووە، پێویستە هاوكاری‌ هەرێم بكرێت‌و بۆ ئەوەش ئامادەییان نیشانداوە هاوكاری‌ بكەن، بەڵام لەرێگەی‌ حكومەتی‌ عێراقەوە، بەڵام هەرێم پێباشە هاوكارییەكە راستەوخۆ بێت، نەك لەرێگەی‌ بەغداوە".

لەلایەكی‌ ترەوە سەرچاوە سیاسییەكانی‌ هەرێم باس لەوەش دەكەن، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت ناوەندی بڕیارو مەركەزییەت بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوەو سەردانی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بۆ عێراق لەو چوارچێوەی هەوڵەكانی‌ بووە.

ماوەی‌ چەند مانگێكە كێشە لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە، ئەوەش لەسەر پرسی بودجەو هەناردەی هەرێم، تائێستاش چەند جارێك هەوڵدراوە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام هەوڵەكان سەركەوتوو نەبووە.

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان لەو بارەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئامانجی سەردانەكەی‌ كیری بۆ ئەوە بووە، كە ئەمریكا دەیەوێت ناوەندی بڕیارو مەركەزییەت بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، چونكە گەیشتووە بەو ئەنجامەی لاوازی بەغدا كاریگەری لەسەر داهاتووی عێراق دەبێت، بەتایبەتی لەڕووی ئەمنییەوە".

بەوتەی‌ ئارێز عەبدوڵڵا، كە هاوكات ئەندامی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراقە، جۆن كیری داوای لەبەرپرسانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كردووە، لەسەر كێشەكانی نێوانیان رێكبكەون، بەتایبەتی پرسی نەوت بودجەو هۆشداریشداوە، كە نابێت كێشەكانی نێوانیان بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

شاندەكەی‌ هەرێم لەبەغدا جگە لەكۆبوونەوە لەگەڵ جۆن كیری‌، لەگەڵ شاندێكی‌ حكومەتی‌ عێراقیش بەسەرۆكایەتی‌ حەیدەر عەبادی‌ كۆبوونەوە، سەفین دزەیی وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، رۆژی‌ 8 نیسان لەگەڵ شاندەكەی‌ هەرێم چووە بەغدا پاش گەڕانەوەی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "لەسەردانەكەماندا بۆ بەغدا چ لەگەڵ وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا، چ لەگەڵ بەرپرسانی‌ عێراق باسی‌ كێشەكانی‌ نێوان هەولێر بەغدامان كردووەو جەختیش لەچارەسەركردنیان كراوەتەوە".

سەفین دزەیی راشیگەیاند حكومەتی‌ هەرێم دەیەوێت كێشەكانی‌ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات‌و ئەمریكاش ئەوەی‌ پێباشە بەگفتوگۆكان ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆكان بەردەوامەو بڕیارە لەماوەی‌ داهاتووش چەند كۆبوونەوەیەكی‌ تر بكرێت.

هەرچەندە لەسەر ئاستی‌ هەرێم خوێندنەوەی‌ جیاواز بۆ سەردانی‌ نەكردنی‌ هەولێر لەلایەن جۆ بایدنەوە دەكرێت، بەڵام بەرپرسانی‌ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمەریكا ئەوە رەت دەكەنەوە، رۆژی‌ 12ی‌ نیسان مارك تۆنەر جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانی‌ رایگەیاند "جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تەنیا سەردانی‌ بەغدای‌ كردووەو نەچوونیشی‌ بۆ هەولێر بۆ ناردنی هیچ ئاماژەو پەیامێك نەبووە".

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، برێت مەكگۆرگ نوێنەری‌ باراك ئۆبامای‌ سەرۆكی‌ ئەمریكا لەهاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داعش دوای سەردانەكەی وەزیری دەرەوە ‌لەعێراق ماوەتەوەو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كردووە.

مارك تۆنەر لەگەڵ ئەوەش نەیشاردەوە، كە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هەرێم، لەچوارچێوەی‌ ئەو هاوكارییانە دەبێت كە جۆن كیری لە‌بەغدا رایگەیاند، ئەویش دابینكردنی ١٥٥ ملێۆن دۆلار دەبێت ‌بۆ هاریكاری ئەو ئاوارانەی لەعێراق‌و هەرێمی‌ كوردستانن.

بەدەر لەكێشە‌و كۆبوونەوەكانی‌ نێوان بەغداو هەرێم لەماوەی‌ رابردوودا مەسعود بارزانی‌ زیاد لەجارێك ئەوەی‌ راگەیاندووە كە ئامادەسازی‌ دەكەن بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم‌و جیابوونەوە لەعێراق، بەڵام لەمەشدا پەیامی‌ روونی‌ ئەمەریكا ئەوە بووە كە دەبێت لەگەڵ عێراقیدا بمێننەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی باڵیۆزخانەی‌ ئەمەریكا لەبەغدا، جۆ بایدن جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەمەریكا لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌‌و مەسعود بارزانی‌ باسی بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنی هەرێم‌و عێراق كراوەو بایدن جەختی‌ لەیەكپارچەیی‌ خاكی‌ عێراق‌و فیدراڵی‌‌و دیموكراتی‌ كردووەتەوە. ئەمەش پەیامێكی‌ روونە بۆ هەرێم كە ئەمەریكا پشتیوانی‌ یەك پارچەیی‌ خاكی‌ عێراق دەكات‌و لەمەشدا لەگەڵ بەغدایە.

هێمن هەورامی‌، بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ پارتی‌ لەلێدوانێكدا بۆ "نیقاش" نەیشاردەوە كە ئەمریكا راستەوخۆ هیچ پشتگیرییەكی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لەهەرێم رانەگەیاندووە، بەڵام جەختیكردەوە، ئەمریكا هیچ دژایەتییەكیشی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم رانەگەیاندووە.