دۆسێی‌ شوێن بزربووەكان
ئەو كەسانەی‌ لەپڕ گۆڕو زیندان هەڵیان دەلوشێت

عیراق

29/04/2016‌ 1163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
شتێكی‌ سەیر نییە ئەگەر گەنجێكی‌ بەغدایی‌ لەماڵەكەی‌ بچێتە دەرەوەو نەیەتەوە، بەبێ‌ ئەوەی‌ كەسوكارەكەی‌ هیچ لەبارەی‌ چارەنووسیەوە بزانن.

رۆژی‌ 9ی‌ نیسان ژمارەیەك چەكداری‌ نەناسراو كە جلی‌ فەرمیان لەبەردا بوو كەسێكی‌ بەرەگەز سۆدانیان لەجێیەكی‌ قەرەباڵغی‌ ناوچەی‌ كەرادە لەناوەڕاستی‌ بەغدا لەبەرچاوی‌ خەڵكدا رفاند‌و بردیان بۆ شوێنێكی‌ نادیار.

خەڵكی‌ ناوچەكە تائێستاش نازانن رفێنراوەكە چی‌ بەسەرهاتووەو ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم جۆرە رووداوانە زوو زوو دووبارە دەبنەوە‌و خەڵكی‌ دەڕفێنرێن بێ‌ ئەوەی‌ دواتر هیچ لەبارەیانەوە بزانرێ‌.

ساڵانی‌ 2006و 2007 لەكاتی‌ شەڕی‌ تایفی‌ دیاردەی‌ رفاندن بەشێوەیەكی‌ بەربڵاو لەبەغدا هەبوو، ئەو خێزانانەی‌ بەختیان هەبوو دواتر چارەنووسی‌ رۆڵەكانیان دەزانی‌ یان تەرمەكانیان دەدۆزینەوە یاخود بۆیان ئاشكرا دەبوو كە لەزینداندان، بەڵام بەهەزاران خێزانی‌ تر تائێستاش چاوەڕێی‌ شوێن بزربووەكانیان دەكەن.

لەشانزەی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 2014ەوە ئیكتیمال تەها هیچ شتێك لەبارەی‌ وەلیدی‌ كوڕە گەورەیەوە نازانێت كە بەرەبەیانی‌ ئەو رۆژە لەماڵ چووەتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوە.

وەلید كە شۆفێری‌ تەكسییە وەك هەموو رۆژانێكی‌ تر بەشێوەیەكی‌ ئاسایی‌ ماڵەكەی‌ خۆیان لەناوچەی‌ ئەعزەمییەی‌ ناوەندی‌ بەغدا جێهێشتووە، بەڵام بەپێچەوانەی‌ رۆژانی‌ ترەوە بۆ ئێوارە نەگەڕاوەتەوە.

لەو رۆژەوە تائێستا دایكی‌ وەلید چاوەڕێی‌ گەڕانەوەی‌ كوڕەكەیەتی‌‌و بێهیوا نەبووە لەوەی‌ لەژیاندا ماوە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ دەرگا نەماوە لەگەڵ باوكی‌ وەلیددا لێی‌ نەدەن بۆ ئەوەی‌ شتێكیان دەست بكەوێت، بەڵام نە لای‌ پۆلیس‌و نە لەنەخۆشخانەكان هیچیان زانیوەو نە كەسیش بەناوی‌ رفێنەرانەوە پەیوەندی‌ پێوە كردوون.

بەچاوی‌ پڕ لەگریان‌و بەدەم دوعاكردنەوە دایكی‌ وەلید دەڵێت "هێشتا بڕوام وایە وەلید ماوەو هەوا هەڵئەمژێت، هەمووان پێم دەڵێن تازە وەك مردوو حیسابی‌ بۆ بكەم، بەڵام دڵم بڕوا ناهێنێت‌و دەزانم بەم زوانە دەگەڕێتەوە".

هەرچی‌ ئەحمەد عەبدولوەهابی‌ باوكی‌ وەلیدە پێی‌ وایە كوڕەكەی‌ لەلای‌ دەزگایەكی‌ ئەمنی‌ سەر بەحكومەت بەندە، هەموو ئەو رووداوانەی‌ لەو رۆژەوە روو دەدەن تائێستا، زیاتر دڵنیای‌ دەكەنەوە لەو بۆچوونە.

ئەحمەد بە"نیقاش"ی‌ وت "دواجار كە پەیوەندیم بەوەلیدەوە كرد رۆژی‌ دیار نەمانی‌ بوو، كاتێك تا كاتژمێر 10ی‌ شەو نەگەڕایەوە، تەلەفۆنم بۆ كرد، بەڵام تەلەفۆنەكەی‌ داخرابوو".

درێژە بەقسەكانی‌ دەدات‌و دەڵێت "دوای‌ نزیكەی‌ دوو كاتژمێر توانیم پەیوەندی‌ پێوە بكەمەوەو قسەی‌ لەگەڵدا بكەم، پێی‌ وتم سەلامەتەو بەئۆتۆمبێلەكەی‌ لەو نزیكانە دەگەڕێتەوەو كەمێكی‌ تر دێتەوە".

باوكی‌ وەلید بڕوای‌ بەقسەی‌ كوڕەكەی‌ نەهێناوە، چونكە لەو دەنگەی‌ لەرێی‌ تەلەفۆنەكەیەوە بیستوویەتی‌ تێگەیشتووە كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا نییەو لەشوێنێكی‌ بێدەنگە.

دەشڵێت "بە وەلیدم وت هۆڕینی‌ ئۆتۆمبێلەكەی‌ لێبدات، بەڵام وتی‌ كاتی‌ گونجاو نییە، بۆیە ئەوەندەی‌ تر گومانم كرد".

ئاماژە بەوە دەكات كە لەپاش ئەو رۆژەوە هیچی‌ لەبارەی‌ چارەنووسی‌ وەلیدەوە نەزانیوە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ بنكەكانی‌ پۆلیس‌و نەخۆشخانەكەی‌ بۆ گەڕاوە، تەنانەت چووەتە پزیشكی‌ دادوەریش بۆ تەرمەكەی‌، بەڵام بێئەنجام بووە.

باوكی‌ وەلید بەدووری‌ دەزانێت كوڕەكەی‌ رفێندرابێت، چونكە كەس پەیوەندی‌ پێوەی‌ نەكردووە تا داوای‌ پارەی‌ لێبكات، پێشی‌ وانییە كوژرابێت، چونكە كوڕێكی‌ بێ كێشەیەو دوژمنی‌ نییە.

عەبدولوەهاب هەموو هیوای‌ بەوەیە كوڕەكەی‌ لەلای‌ دەزگایەكی‌ ئەمنی‌ بێت، پاش ئەوەی‌ ناسیاوێكی‌ بۆی‌ باس كردووە كە ناوە ناوە حاڵەتی‌ لەو شێوەیە روودەدات، بەڵام لیستی‌ هەموو گرتوخانەكانیش گەڕاوە هەر ناوی‌ كوڕەكەی‌ نەبووە.

ئەوەی‌ زیاتر باوكی‌ دڵنیا كردووە ئەوەیە كە رۆژی‌ دیارنەمانی‌ وەلید ئەو ناوچەیە لەژێر رێوشوێنێكی‌ ئەمنی‌ تونددا بووە، پاش ئەوەی‌ موسڵ‌و چەند ناوچەیەكی‌ تر كەوتوونەتە دەست داعش.

چیرۆكی‌ وەلید لەچیرۆكی‌ چەند كەسێكی‌ تر دەچێت كە ساڵانی‌ رابردوو هەمان رووداویان بەسەردا هاتووە، لەناو ئەوانەشدا ئیبراهیم سامەڕایی‌ كە ساهیرە ئیبراهیمی‌ دایكی‌ ئاماژە بەوە دەكات لەمانگی‌ تەموزی‌ ساڵی‌ 2006 دووكەس بەجلی‌ سەربازییەوە لەئۆتۆمبێلێكی‌ سەربازی‌ دابەزیون‌و بردویانە، ئیتر لەو رۆژەوە هیچی‌ لەبارەوە نەزانیوە.

دایكی‌ ئیبراهیم هەموو بنكەكانی‌ پۆلیس‌و گرتوخانەكان گەڕاوە، بەڵام ناوی‌ كوڕەكەی‌ نەدۆزیوەتەوە، هەرچەندە دەڵێت لەڤیدیۆیەكدا كە كەناڵێكی‌ لۆكاڵی‌ لەبارەی‌ زیندانییەكانەوە پەخشی‌ كردووە، وێنەی‌ كوڕەكەی‌ بینیوە، بەڵام وێنەكە زۆر روون نییەو ناتوانێ‌ تەواو دڵنیا بێت.

حاڵی‌ خالیدو ئیبراهیم فەوزی‌ بەهەمان شێوەیە، ئەو دوو برایەی‌ لەگەڵ نزیكەی‌ پەنجا كەسی‌ تردا لەناوچەی‌ سەیدییەی‌ بەغدا لەمانگی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2005ەوە دیار نەماون‌و كەسوكارەكەیان هیچیان لەبارەوە نازانن.

خێزانەكەی‌ خالیدو ئەحمەد ئاماژە بەوە دەكەن كە كوڕەكانیان لەلایەن چەند كەسێك بەجل‌و بەرگ‌و ئۆتۆمبێلی‌ سەربازییەوە گیراون كە ئەو رۆژە لەناوچەكەدا بڵاوبوونەتەوەو بەدوای‌ گومالێكراوی‌ سەر بەگروپە چەكدارەكاندا گەڕاون.

بەهۆی‌ دووبارەبوونەوەی‌ ئەم حاڵەتانەوە خەڵكی‌ بەغدا پێیان وایە هێزە ئەمنییە دەست رۆیشتووەكان لەپشت كارەكەوەن، بەتایبەتی‌ كە دەزگا نهێنییەكان زۆربەی‌ جار بەبیانووی‌ لێكۆڵینەوەوە ئامادە نین هیچ زانیارییە لەبارەی‌ ئەو كەسانەوە ئاشكرا بكەن.

دایكی‌ عەلی‌ یەكێكە لەو كەسانەی‌ بەختی‌ هەبووەو دوای‌ دوو ساڵ سەرەداوێكی‌ لەبارەی‌ چارەنووسی‌ كوڕەكەیەوە دەست كەوتووە، چیرۆكەكە لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە لەناوەڕاستی‌ ساڵی‌ 2007 كاتێك عەلی‌ لەبازاڕ بووە تەقینەوەیەك روویداوەو هێزێكی‌ ئەمنی‌ چی‌ گەنج لەو ناوەدا هەبووە دەستگیریان كردووە بەعەلیشەوە.

دوای‌ دوو ساڵ لەگەڕان دایكی‌ عەلی‌ كە مێردەكەی‌ وتاربێژی‌ مزگەوتێكی‌ ناوچەی‌ غەزالییە بووە بۆی‌ دەركەوتووە كە كوڕەكەی‌ لەگرتوخانەیەكی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆیە‌و گومانی‌ ئەوەی‌ لەسەر بووە دەستی‌ لەو تەقینەوەیەدا هەبووبێت، بەڵام دوای‌ چوارساڵ ئازادكراوە. 
دایكی‌ عەلی‌ دەڵێت "كەم كەس وەك من بەختی‌ هەیە كوڕەكەی‌ دەست بكەوێتەوە، لەرۆژی‌ ئازادكردنیەوە هیچ رۆژێك ناهێڵم بەتەنها لەماڵەوە بچێتە دەرەوە".

بەشێك لەوانەی‌ كوڕەكانیان بزر دەبێت میلیشیای‌ سەر بەحیزبە ئاینییەكان تۆمەتبار دەكەن بەو كارە جا ئەگەر بەهۆی‌ گومانەوە بێت یان بەهۆی‌ ناكۆكی‌ كەسییەوە بێت، چونكە روویداوە گەنجێك كێشەی‌ لەگەڵ ئەندامێكی‌ ئەو میلیشیایانەدا هەبووەو دواتر بۆ تۆڵەسەندنەوە رفاندویانە.

لەماوەی‌ دوو ساڵی‌ گەرمەی‌ شەڕی‌ تایفی‌ (2006-2007) بەدەیان تەرمی‌ بێناونیشان دەدۆزرانەوەو دەبرانە فەرمانگەی‌ پزیشكی‌ دادوەری‌، لەوێ‌ پزیشكەكان وێنەیان دەگرتن‌و هێمایەكیان دەدا لەجەستەیان‌و رێیان دەدا بنێژرێن، دواتر لەلایەن هەردوو دیوانی‌ وەقفی‌ سوننەو شیعەوە دەخرانە ژێر خاك، لەو رۆژەوە بەدەیان هەزار گۆڕی‌ بێ ناونیشان هەن.

لەكاتێكدا وەزارەتی‌ ناوخۆو دامەزراوە ئەمنییەكان رایدەگەیەنن هەر كەسێك لەلای‌ ئەوان دەستگیر بكرێت لەیەكەم ساتی‌ دەستگیركردنیەوە ناوی‌ تۆمار دەكرێت، جا بەمەستی‌ لێكۆڵینەوە برابێت یان بەفەرمانی‌ دەدوەر، بەڵام هەندێ‌ لایەنی‌ ئەمنی‌ ئامادەنین ناوی‌ ئەو كەسانە ئاشكرا بكەن كە بەپێی‌ مادەی‌ 4ی‌ تیرۆر دەستگیركراون.

حەیدەر سەعدی‌ وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ داد بە"نیقاش"ی‌ وت "هەندێ‌ لایەنی‌ ئەمنی‌ ناوی‌ گیراوەكانیان ئاشكرا ناكەن، بەتایبەتی‌ ئەگەر پەیوەندی‌ بەتیرۆرەوە هەبێت، ئەمەش چەند مانگێك دەخایەنێت، بەڵام دواتر ناوەكان دەدەن بەوەزارەتی‌ داد‌و لەتۆماری‌ گشتی‌ وەزارەتەكە ناویان تۆمار دەكرێت".

سەعدی‌ جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان هیچ تۆمەتبارێك وەرناگرن ئەگەر بەڵگەنامەی‌ فەرمی‌ لەگەڵ نەبێت، بۆیە داوا لەكەسوكاری‌ گیراوەكان دەكات سەردانی‌ تۆماری‌ گشتی‌ وەزارەتی‌ داد بكەن، بۆ دڵنیابوون لەناوی‌ كەسە بزربووەكانیان.