هاوپه‌یمانێتیه‌ك لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەڕەشە لە تورکیا ده‌كات

جیهان

29/01/2019‌ 3969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا
ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پشتیوانی هەوڵەکانی هەریەک لە ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان دەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوەش لەکاتێکدایه‌ تورکیای ئەندامی پەیمانی ناتۆ و هاوپەیمانی ویلاتەیەکگرتووەکان خەریکی  لاواندنەوەی هەریەک لە روسیا و ئێرانی نەیاری ئەمەریکایە و دژی سیاسەتەکانیشیەتی لە سوریا.

جگە لە ریکەوتننامە ئەمنییەکان، واشنتۆن نیازیوایە کاربکات لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی وزە ، لەپیناو گواستنەوەی ئەو گازەی کە لەم دواییە لە ناوچەکە دۆزراوەتەوە بۆ ئەورووپا، ئەمەش رەنگە کار بکاتە سەر کەمکردنەوەی زاڵیتی روسیا وەک دابینکەری وزە بۆ بازاری ئەوروپا و ئاستەنگێکیش بێت بەرانبەر بە بەرزەفڕییەکانی ئێران بۆ بەکارهێنانی سوریا وەک دەروازەی دەریای ناوراست.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مانگی رابردوو ناوچەکەی بە "بەرەیەکی ستراتیژیی گرنگ" وەسفکرد و وتی، "واشینتۆن کار دەکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە دیمۆکراتەکانی ناوچەکە وەکو یۆنان و قوبرس و ئیسڕایل بەهێز بکات".

پۆمپیۆ مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بۆ گفتوگۆی ستراتیژی ئەمەریکی –یۆنانی لەگەڵ هاوتا یۆنانەییەکەی ئه‌نجامدا، واشچاوەڕوان دەکرێت کە کۆبوونەوەی دووەم لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا ببەسترێت.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی سەرکردایەتی یۆنانی کردووە لە تێروانینی بۆ بەهیزکردنی هاوکاریی و سەقامگیری هەرێمیی، بەتایبەت دەست پیشخەرییەکانی یۆنان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوڕاست و باڵکان بۆ ئاسانکاریی بەرژەوەندییە ئەمنیی و ئابورییە هەرێمییە هاوبەشەکان.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەردوو حکومەت کاردەکەن لەسەر باشکردنی ئاسایشی وزە بۆ ئەوروپا و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی، هه‌روه‌ها ئاماژەیان بە چەند پرۆژیه‌کی ژێرخانی ئابووری لەبواری وزەدا کردووە لە نێوانیاندا هیڵی بۆڕی پێسنیازکراوی  رۆژهەلاتی دەریای ناوەراست، کە وابڕیارە ئیسرائیل و قوبرس و کوه‌یت و یۆنان بە ئیتاڵیاوە ببەستێتەوە.

ئەوە جگە لەوەی کە میسر کە لەم دواییەدا یەدەگێکی زۆری گازی لە ڕۆخ ئاوی هەرێمیی ئەو سێ وڵاتە دۆزیوەتەوە، هاتووه‌تە ناو هاوکێشەکە، رەنگە ئوردنیش بێتە پاڵی، ئەمەش بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەپارێزێت .

رۆژنامەنووسە رۆژئاواییەکان پرۆژەکە بە "نموونەی بچووککراوە"ی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی وەسف دەکەن، کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان سعودییەکانیش بێنە ناوی، کە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە چاوی جیهانی عەرەبیدا رەوایەتیی وەربگرێت.

دروستبوونی ئەو جۆرە هاوپەیمانییەش لەسەر حسابی تورکیا دەبێت، کە لە نێوان ئەو و یۆنان دوژمنایەتییەکی کۆنینە هەیە و پەیوەندیشی لەگەڵ ئیسرائیل خراپە، جگە لەوەی هەر لە بنه‌ڕه‌تدا داننانێت بە کۆماری قوبروسی یۆنانیی، لە مەسەلەی داننان بە ئیدارەی قوبرسی تورکی تەریک کەوتۆتەوە.

تورکیا هەوڵیداوە رێ لە پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە کەنارەکانی قوبرس بگرێت، پێیوایە کە بەشە تورکییەکەی قوبروسیش مافی ئەوەیان هەیە قسەیان لەو بابەتەدا هەبێت و لەداهاتەکەشی پشکیان هەبێت.

بەڵام قوبروسییە یۆنانییەکان دەڵێن، "دەبێت یەکەمجار قسە لەسەر رێککەوتن لەسەر دوورگەکە بکرێت، کە لە ساڵی 1974 ه‌وە لەلایەن سوپای تورکیا داگیرکراوە، لەوکاتەوە دابەش بووە". 

لەم دوو ساڵەی رابردودا هەندێجار تورکیا مەیلی نزیکبوونەوە لە میحوەری ئێرانی-روسی هەیە لەگەڵ هەوڵەکانیشی بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ئەمەریکا، کە پەیوەندی ئەنقەرە لەگەڵ واشینتۆن لەسەر چەند پرسێک ئاڵۆزی تیکەوتووە، کە دواترینیان پلانی تورکیا بوو بۆ دەربازکردنی سنووری سوریا و پەلاماردانی کوردەکان، کە هاوپەیمانی ئەمەریکا بوون لە شەڕکردن دژی دەوڵەتی ئیسلامی.

هەروەک رێكکەوتننامەی ئەمنیی نێوان یۆنان و ئەمەریکا رێگە بە واشینتۆن دەدات کە لەکاتی پیویستدا بنکە سەربازییە یۆنانییەکان بەکار بهێنێت، وە قوبروسیش نیازی وایە کە ڕیکەوتنێک لەگەڵ واشینتۆن مۆر بکات، کە بەوپێیە رێگە بە واشنتۆن بدات بنکە سەربازییەکانی بەکاربهێنێت، ئەمەش دەرفەتی ئەوە دەدات بەو وڵاتە کە پارێزگاری لە توانا سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، تەنانەت ئەگەر ئەنقەرەش هەڕەشەکانی بە داخستنی بنکەی ئەنچەرلیک بەروی ویلایه‌تەیەکگرتوەکان بکاتە کردار.

ئەم هاوپەیمانێتییەی کە وا نیازە درووست بکرێت، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو هێڵەی کە ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان بە بازارەکانی ئەوروپا دەبەستێتەوە، کە لە بنەڕەتدا وا بەرنامە بوو کە ئەو هێلە بەناو تورکیادا بڕوات، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نیوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، ئیسرائیل بیری لە بەدیلی ئەو پرۆژەیە کردەوە، کە ئەویش گواستنەوەیەتی بەناو وڵاتی یۆناندا کە لە رووی تێچوونەوە زیاتری تێدەچێت.

هەرچەندە لە راکێشانی ئەو هێڵەدا کۆمەڵیک هۆکاری ئابووری هەیە، کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت لە بڕیاردان بۆئەوەی کە ئایا بەناو خاکی کام لەو وڵاتانەدا بروات، بەڵام هەندێك لە شارەزای رۆژئاوایی لە یۆنان و برۆکسل  پێیان وایە کە تورکیا هەر بە راستی لە گەمەکە چووه‌تە دەرەوە.