تا ئێستا پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان

عیراق

24/02/2020‌ 1048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی عێراق لەهەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی عێراق لەهەرێمی كوردستان به‌ شارپرێس-ی راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ مانگانه‌ له‌ نێوان 17 بۆ 25ی هه‌موو مانگێك پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرا، به‌ڵام تا ئێستا پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.

ئه‌مڕۆش شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "وه‌زیری دارایی عیراق ئیمزای له‌سه‌ر پاره‌ی مانگانه‌ی دیاریی كراوی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كردوه‌، له‌ دو رۆژی داهاتودا پاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر حساب بانكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام مانگانە حكومه‌تی عیراق له‌ 17 تا 25 ی مانگ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر حساب بانكی هه‌رێم، بۆیه‌ ئەمڕۆ یان سبەی "به‌دڵنیایی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت.