یەكگرتوو داوا دەكات هێزی پێشمەرگە لەسنووری بازنەی بەریككەوتن و ئەگەری جەنگ دووربخرێتەوە

کوردستان

16/04/2020‌ 745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو داوا دەكات بەپەلە هێرشی راگەیاندن و جەنگی سوشیال میدایا رابگیرێت و هێزی پێشمەرگە لە سنووری بازنەی بەریككەوتن و ئەگەری جەنگ دووربخرێتەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:
لە كاتێكدا كە خەڵكی كوردستان دوچاری بەڵایەكی جیهانی مەترسیداربووەتەوە و هەموولایەكمان بە.. حكومەتەوە لە هەوڵی دەربازبوون لەم بەڵایەداین و مەترسی دەرهاویشتەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی داگوتوین .. بەداخەوە گوێ بیستی شەڕی راگەیاندن و گەورەكردنی خاڵی ناكۆكی و گێچەڵ بەیەكتركردن ئەبین ..

ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەحاڵەتێكی هێجگارمەترسیدار دەروانینە ئەم دۆخە و دەخوازین كە سەركردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵات و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی مێژوویی خۆیان هەڵسن و رێگە بگرن لەم جموجۆڵ و دەنگۆ نەشازانەی باكیان بە چارەنوسی میلەت نیە و ئایندەی ئەم هەرێمە بەرەو نادیار و هەڵدێر ئەبەن .

ئاشكرایە بارودۆخی ناوچەكە و عێراق جگە لە شەڕی كۆڕۆنا لەسەر لێواری چەندین مەترسی دایە و ناكرێ ئەم هەوڵ مەرجە نادیدە بگیرێت و بەم شێوەیە هەموو رۆژێك زەنگی شەڕ و دوو ئیدارەیی و لەباربوونی بوونی هەموو دەستكەوتمان لێ بدرێ و دڵەراوكێ و نائومێدی باڵ بكێشێ بەسەر خەڵكی ماندوو و شەكەتی كوردستاندا .

لەم سۆنگەی هەست بە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و نیشمانی یەوە داواكارین لە سەركردایەتی هەردوو بەرێزان پارتی و یەكێتی و سەرۆكایەتی حكومەت :

1. بەپەلە هێرشی راگەیاندن و جەنگی سوشیال میدایا رابگرن .

2. هێزی پێشمەرگە لە سنوری بازنەی بەریككەوتن و ئەگەری جەنگ دووربخەنەوە .

3. كۆبوونەوەیەكی باڵا بكەن بۆ چارەسەری ئەو گلەیی و رەخنانەی هەیە لەسەر یەكتری .

4. سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێ رۆڵی كاراتر ببینێ بۆ كۆكردنەوە و رێگە چارەدانان.

5. ئێمە وەكو یەكگرتوو ئامادەیی هەر ئەركێكین لەم بوارەدا ..

چاوەرێ ی هیمەتی دڵسۆزانەی هەموولایەكین

خودا گەل و نیشتمانمان لە هەموو بەڵا و كارەساتێك بپارێزێ ..


یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

ئەنجومەنی جێبەجێكردن