مێژوویەکی تر

مەلەفی تایبەت

11/05/2024‌ 974 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پشکۆ نەجمەدین
نووسەری بەنامێ و ڕۆشنبیری بەئەزموون، فوادی مەجید میسری، لەم کتێبەدا، تەنیا یادەوەرییە ئەزموونکراوەکانی تەمەنی خۆیمان دەرهەق بە ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بۆ ناگێڕێتەوە، بەڵکە بنج و بنەوانی هۆکار و فاکتەرە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و خێڵگەرایییەکانی ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازەکانی زیاتر لە سەدەیەکی مێژووی سیاسیی کوردستان و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ ڕیشاژۆ دەکات.  

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی مێژوونووسان یاخود لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی ڕووداوە مێژووییەکان، لە پرۆسەی نووسیندا، کنەکردن و هەڵدانەوە و توێژالکردنی فاکتەرەکانی خولقێنەری ڕووداوەکانە لە سەردەم و زەوینە جیاوازەکاندا.
کاک فواد، دەگێڕیتەوە، شرۆڤە و شیکاری دەکات و پرسیارەکان دەخولقێنێت و لە دیدی خۆیشییەوە، وەڵامەکان دەبینێتەوە.
نووسەر، ڕووداوە گرنگەکانی هەر دوو جەنگی دوونیاگری یەکەم و دووەم و تەواوی دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، تا ئەو جێیەی سەروکاریان لەگەڵ چارەنووسی و کورد و گەلانی ڕۆژهەڵات هەیە، شەنوکەو دەکات و خەرمانێک مەعریفە و نهێنگەلێکی پەیپێنەبردوومان، لەمەڕ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە کوردستانی گەورەدا، پێ دەبەخشێت و لە هەوڵی دۆزینەوەی نهێنی شکستەکانی ئەم بزافە و بەئاکامنەگەیشتنیدایە.
دوو پاژی حوکوومڕانیی شیخ مەحموود و شکستخواردنی، کۆماری مهاباد و هەرەسهێنانی، حوکوومەتی پاشایەتیی ئێراق و سەرەونگوونکردنی، عەبدوولکەریم قاسم و شۆرش  و گۆڕانکارییەکانی لە ئێراق و کوردستاندا، بزووتنەوەی ئەیلوول و هەموو گومانەکانی دەستپێکردنی، هەرەس و شکستی (ئەیلوول) و لەنوێڕا وەگەرخستنەوەی ئەو بزووتنەوەیەی بە (شۆڕشی نوێ) نێوزەد کرا، کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کێشە و ئیشکالەکانی، ئەنفال و شکست و داڕووخانەکان و زۆر ڕووداوی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، تەوەری خوێندنەوەکانی کاک فواد و گومان و پرسیارەکانی ئەون.
بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردیش، لە نزیکەی نیو سەدەدا، جێگای قسەوباس و لێکۆڵینەوەی جیددیی کاک فوادن و قسەوباسێکی قووڵیشی لەمەڕ نوێگەری و نوێخوازی و داهێنان و داهێنەرانی نێو کایە مەعریفی و ڕۆشنبیرییەکان، لە قوناغە جیوازەکاندا کردووە.
کتێبەکە بەرهەمی دیالۆگێکی نێوان ئازاد تۆفیق و نوسەرە، دیارە زەمەنێکی زۆری گەرەک بووە. ئازاد لایەنی دووەمی دیالۆگەکەیە و بە پاشخانێکی مەعریفی و هەگبەیەکی پڕەوە، پرۆسەکە دەجووڵێنێت. 
خوێندنەوەی (مێژوویەکی تر) بۆ هەموومان گرنگە جا با لە هەندێ پرس و شیکاریدا، هاوڕای نووسەر نەبین و دیدێکی دیکەمان هەبێت.
ماوەتەوە بێژم: لە فرەیی باس و بابەتەکاندا، هەندێک گێڕانەوە و گفتوگۆ، چەند جارێک دووپات بوونەتەوە. هەڵەچنانی کتێبەکە، وردبین نەبوون و لێرەو لەوێ، هەڵەگەلێکی تایپ و ڕێنووسی تێ کەوتووە.
سوپاس بۆ فوادی مەجید میسری و ئازاد تۆفیق،  بۆ بەرهەمهێنانی شاکاری (مێژوویەکی تر.)
١١ی مای ٢٠٢٤
سلێمانی