بەرەی گەل پڕۆژەیەکی فریاگوزاریی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی هەرێم ڕادەگەیەنێت‌و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی لاهور شێخ جه‌نگى دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەعێراق، بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بارودۆخی سیاسیى‌و گوزەرانی هەرێمی کوردستان بەتەواو مەترسیدارو شڵەقاو وەسفدەکات؛ بەرەکە نەخشەڕێگەیەکی فریاگوزاریی بۆ دەربازبون لەئاڵۆزییەکان خستەڕوو، هۆشداریی توندیش دەداتە دەسەڵاتداران لەئەگەری بەردەوامبونی سیاسەتی سەرکوتکاریی‌و دەستبەسەرکردنی ناڕەوای سەرۆکی بەرەکەیان، پێگەیان دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی قوڵەوە.


بەرەی گەل ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی توندی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوه‌، دوای 23 ساڵ لەپڕۆسەی ئازادیی عێراق‌و کشانەوەی دوایین کاروانی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەهۆی ململانێی لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە گەیشتوەتە ئاستێکی نالەبار کە تێیدا متمانەی خەڵک بەتەواوی لەناوچوەو قەیرانێکی قوڵی بێکاریی، گرانیی‌و نەبونی ئاسایش باڵی کێشاوەتەوە.

بەرەی گەل ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی پەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان کردوەو ڕایگەیاندوە، بەهۆی پێشێلکردنی دەستورو یاساکان‌و دواخستنی چەندین ساڵەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، پەرلەمان شەرعییەتی نەماوەو بەرژەوەندییە تەسکەکانی حزبایەتی‌و بنەماڵەیی کراونەتە پێشەنگی کارەکان، ئەمەش بوەتە هۆی نەمانی مافە دیموکراتییەکان‌و ئازادیی ڕادەربڕین.

لەو چوارچێوەیەدا، بەرەی گەل ناوەڕۆکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی فریاگوزاریی ڕاگەیاند بۆ ڕزگارکردنی هەرێم لەم تەنگوچەڵەمانە کە پێکدێت له‌سەپاندنی یاساو گەڕانەوەی شەرعییەت، بۆ ئه‌وه‌ش جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر، "خێراکردنی پڕۆسەی سیاسیى‌و کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان لەڕێگەی دەنگی ڕاستەقینەی گەلەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکان‌و ڕێگریکردن لەدروستبونی فیتنەو ململانێی ناوخۆیی".

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌پاراستنی ئابوریی نیشتمانی‌و شەڕی گەندەڵی كردوه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داواى کۆتاییهاتنی تاڵانکردنی سامانی گشتیی‌و سڕینەوەی گەندەڵی لەدامەزراوەکاندا ده‌كات، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی باج‌و گومرگ‌و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی بژێویی هاوڵاتیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

به‌ره‌ى گه‌ل جه‌ختى له‌سه‌ر سەربەخۆیی دادگاکانیش كردوه‌ته‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "دورخستنەوەی دادگاکان لەهەژمون‌و دەستوەردانی حزبی‌و کەسی‌و ڕێگریکردن لەبەکارهێنانیان بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتی سیاسیى".

بەرەی گەل پەیامێکی زۆر توندی ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و بەتایبەت سەرۆکی ئەو حزبە کردوەو بەفەرمی داوای "ئازادکردنی دەستبەجێ‌و بێ مەرجی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل"و تەواوی هاوڕێكانى دەکات، بەرەکە هۆشداریدەدات، پێویستە دەستبەجێ قەرەبوی تەواوی ئەو زیانە مادی‌و مەعنەوییانە بکرێتەوە کە لێیان کەوتوەو جەختدەکاتەوە، بەردەوامبونی ئەم دۆخە سەرکوتکارییە، توڕەیی‌و کاردانەوەی قورسی جەماوەریی لێدەکەوێتەوە.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرەی گەل داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان، هاوبەشانی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی دەکات کە هۆشیارو یەکگرتوبن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پێشهاتێکی نادروست بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی خەڵکی کوردستان.