ئاهەنگ گێڕانی عێراق بۆ ڕۆژی سەروەریی کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگن، بە تایبەتی لە ڕوی عەقڵیی و خیتابی و سیمبولی و پەیوەندی بە جەماوەرەوە. بینینی شیعەی عێراق بۆ کشانەوەی ئەمریکی تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە ڕوی مێژوییەوە. بەو مانایە درۆیەکە، کە مانای گرنگی هەیە. ئەم درۆیە لەوەدایە کە ئەم هێزەی ئەمریکا کە لێرەیە وەک ڕزگارکەر هاتوە، کاتێک کە پشتێنەی بەغدا لە دەستی داعشدابوو. ئەم هێزە ئەو هێزە نیە کە لە ٢٠٠٣ هات. لە هەمانکاتدا لە ٢٠٠٣ بۆ یەکەمجار لە ٤٠٠ ساڵی ڕابوردوودا، یان بۆ یەکەمجار لە مێژودا شیعەی کرد بە حاکم.
ئەم درۆیە بۆ؟ یەکەم شیعە وەها دەبینن کە ئەوان بوو بە خاوەنی عێراق. ئەمریکا هێنانی و دوژمنەکانی بۆ لاوازکردن و ئێستا وڵاتەکەی دا بە دەستیانەوە. سەروەریی لەم ڕوانگەیەوەیە. بەڵام ماڵی شیعە یەک نین لەم ڕوانگەیەوە. چونکە ئەگەر هەندێک لە شیعە ئەمریکایان وەک داگیرکەر دەبینی بەتایبەتی فەسائلەکان، ئەوانیتر وەک هاوسەنگەرێک و پارێزەرێک دەیانبینی لە دەستورەدانی وڵاتانی دراوسێ و لێدانی ئیسرائیل. لە ڕاستیدا بونی ئەمریکابوو لە عێراق ڕێگربوو لە شەڕی شیعە شیعەش.
بەم پێیە ئەگەر عێراق بەناو سەروەرە، بەڵام ڕوتیشە. یان زیاتر وەک پاشکۆیەکی ئێران دەبینرێت. ئەو کاتە سەروەریی دەبێت کە ئەم پاشکۆییەتیە عێراقییانە بکرێت. بەڵام ئەم هەنگاوە ئاسان نیە چونکە مەترسی چەک دانان، زیاترە لە چەک دانەنان، کە هەردوکیان مەترسین. ئەگەر ئەمریکا لە سەرهەڵدانی داعشدا ناچاربوو بگەڕێتەوە، ئەوا ئەمجارە گەڕانەوە مەحاڵە، چونکە هەم ئەمریکاش و هەم داعشیش گۆڕاوە.
لێرەدا سەرگوزەشتەیەک هەیە کە شایستەی گێڕانەوەیە. لە دیدارە بە ناوبانگەکەی لە گەڵ گۆڤاری ئەتلانتینکدا، ئۆباما لە گەڵ جێفری گۆڵدبێرگدا دیدارەکەی کرد. جێفری، چونکە خۆی جولەکەیە، بە ئاگایە لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە دیدارەکەدا بە ئۆباما دەڵێت، لە فلیمی عەرابی بەشی سێدا مایکڵ کۆرلیون دەیەوێت لە مافیا بێتە دەرەوە، بەڵام هەرچی دەکات ناتوانێت. لە فلیمەکدا مایکڵ دەڵێت: ئەو کاتەی وام بیردەکرەوە کە هاتومەتە دەرەوە، ئۆباما ڕستەکەی بۆ تەواو دەکات: ڕایاندەکێشامەوە ناوەوە.
ئۆباما ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەها دەبینی بۆیە بڕیاری دا کە شیعە و سوننە وەک یەک پڕ چەک بکات هەتا بگەنە هودنە چونکە ئاشتی لە نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەحاڵە. ئێستا هیچ هێزێک نیە ترەمپ بهێنێتەوە ناوەوە جارێکی تر بە ئاسانی.
دۆخی کورد
کورد هەلی گەورەی زێڕینی لە دەستدا. لە ٢٠١٦ مەسعود بەرزانی خۆی داوای لە هاوپەیمانان کرد کە ڕیفۆرمی پێشمەرگە بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی قەیرانەکان بگرێت، بەڵام کە هاوپەیمانان دەستیان کرد بە ڕیفۆرم کورد خۆی دژی بوو. بۆ هاوپەیمان مەتەڵێکی سەیربوو کە کورد داوای ڕیفۆرمی دەکرد و کە دەهاتە سەر ڕیفۆرمی ڕاستەقینە پاشەکشێی دەکرد.
لەبیست ساڵی ڕابوردودا کورد زۆربەی وزەی لەهەوڵ و پرۆسەی وەهادا خەرجکردوە کە دوژمنیش بەرامبەر کورد نەیدەکرد. لە پەرتبونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاگایی و جیوپۆلەتیکی و هەموو جۆرەکانی تر پەرتبون. بەجۆرێک جارێکی تر قسەکردن لە سەر کۆمەڵگای کوردی نوکتەیەکی بێتامە.
هەندێک سیاسی کە حوکم دەکات کۆمەڵگا دروست دەکات، هەندێکی تر هەڵیدەوەشێنێت. کورد لە جۆری دووەمە. لەهەمانکاتدا کورد توشی ئالودەبون بوو بوو بە ئەمریکا. سیاسی و خەڵکی باشور وەها بیریان لە ئەمریکا دەکردەوە کە پێدراوێکی حەتمیە، هەرکەی بتەوێت لەوێیە هەتا بتپارێزێت و داکۆکیکیت لێ بکات. ئەمە ئەفیون بوو. دەبوو کورد لە سەردەمی ئۆباماوە بە ئاگا بهاتایە کە هەڵکشانی چین، ئەمریکا ناچار دەکات بە کشانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێستا کورد بۆ ئەوەی کاتێک لە دونیا داوا دەکەنەوە کە جێیان نەهێڵێت، دەبێت حکومەت دروست بکەن هەتا بتوانن وەک حکومەت و شەرعیەت قسە بکەن. بۆیە دەبێت بە زوترین کات حکومەت دروست بکەن. لە ڕاستیدا ئەمە شورەییە بۆ گەلێک وەک گەلی کورد کە هیچ بنەمایەکی دەوڵەتی نیە کەچی هەموو وزە و توانا و پێگەی خۆی لە خۆخۆریی بە هەدەر دەدات.
مرۆڤی باشوریی وەهای لێهاتوە لە هەموو ڕەفتارێکیدا کوردێکی تر بە ئامانج دەکات. ئەمریکا ڕەنگە لە داهاتودا پەیوەندی بکاتەوە. بەڵام هەرگیز ئەمریکاکەی جاران نیە. ئێستا هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە ترسدان لەیەکتر. هەموو چەندەها ئەگەر سیناریو لە خەیاڵیاندایە. وڵاتانی دراوسێی عێراق هەموو لە عێراق دەترسن، چ وەک بۆشایی چ وەک ناسەقامگیری چ وەک سەرچاوەی مەترسیی. ڕەنگە بونی ئەمریکات بە دڵ نەبوبێت، بەڵام هێندە نابات کە بیری دەکەیت. بەڵام ئەو ئەمریکایەی ک ەبیری دەکەیت لە ئەمریکاش بونی نەماوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی