نوێترین ئامار؛ ڕێژەی توشبون بەشێرپەنجە لەهەرێم کەمترە لەستانداردی جیهانی

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوكات لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی تشرینی یەکەم وەک مانگی هۆشیاریی نێودەوڵەتی لەسەر شێرپەنجەی مەمک، وەزارەتی تەندروستی کردنەوەی بنکەی پشکنینی پێشوەختەی لەتەواوی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا ڕاگەیاند؛ به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، هەرچەندە ئەم نەخۆشییە لێدانی یەکەمی شێرپەنجەی ژنانە لەناوخۆدا، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە ڕێژەی گشتیی توشبون بەشێرپەنجە لەهەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لەستاندەرو تێکڕای جیهانی.


لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی پەمەیی، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تى هه‌رێم، پەیامێکی گرنگیان ئاڕاستەی ڕای گشتیی کردو ڕایانگەیاند، شێرپەنجەی مەمک ئەگەر لەقۆناغی سەرەتاییدا دەستنیشانبکرێت، ڕێژەی چاکبونەوەی تەواوەتی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەگاتە 100٪و بۆ ئاسانکارییش، هاوڕێیانی بیانی‌و ناوخۆیی، بنکەکانی پشکنینی پێشوەختە لەسەرجەم شارو ئیدارە سەربەخۆکاندا کاران.

به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، شێرپەنجەی مەمک 23٪ی کۆی گشتیی توشبوانی شێرپەنجە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، لەژێر دروشمی "لەشێرپەنجەی مەمک مەترسە، لەدرەنگ دەستنیشانکردنی بترسە"، داوا لەسەرجەم ئافرەتانی سەروو تەمەن 40 ساڵ دەکرێت کە سەردانی بنکەکان بکەن بۆ پشکنین.

پسپۆڕانی تەندروستیش هۆشداریدەدەن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە لەهەر هه‌شت ئافرەت یەکێکیان لەمەترسیی توشبوندایە، بەڵام پەیڕەوکردنی کێشی گونجاو، وەرزشکردن، دورکەوتنەوە لەجگەرەو خواردنە ناتەندروستەکان لەپاڵ شیرپێدانی سروشتی بەمنداڵ، مەترسیی توشبون بەڕێژەی 40٪ بۆ 50٪ کەمدەکاتەوە.

بەشی زانیاریی‌و داتای بەراوردکاری (جیهان بەرامبەر هەرێم)
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا ڕێژەی توشبون لە هەرێمی کوردستان کەمە یان زۆر، داتاکانی بانکی زانیاریی فەرمی ئەم هاوسەنگییە نیشاندەدەن:

ڕێژەی گشتیی لە هەرێمی کوردستان (کەمترە لە جیهان): به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕێژەی توشبون بەشێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان لەئاستێکی خوارتر لەستاندارده‌ نێودەوڵەتییەکاندایە، ساڵانە لەهەرێم لەناو هەر 100 هەزار کەس، کەمتر لە 100 کەس توشی شێرپەنجە دەبن.

تێکڕای سەرتاسه‌رى جیهان (زۆرترە لەهەرێم): به‌گوێره‌ى نوێترین داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تێکڕای توشبون بەشێرپەنجە لەجیهاندا 150 کەسە بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، کە لەهەندێک وڵاتی وەک ئوسترالیاو ئەوروپای باکوردا ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزتر دەبێتەوەو دەگاتە نزیکەی 400 کەس لەهەر 100 هەزار کەسێکدا.

بارودۆخی شێرپەنجەی مەمک لەجیهاندا: شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەناو ژنانی جیهانداو لە 164 وڵاتدا لەپێشەنگی جۆرەکانی شێرپەنجەدایە، ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن کە ساڵانە نزیکەی 2.4 ملیۆن ژن لەجیهاندا دەستنیشانی توشبونیان پێدەکرێت‌و نزیکەی 694 هەزار ژنیش بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

داتاکان بەڕونی دەیسەلمێنن کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەڕوی ژمارەی گشتیی توشبوانەوە کەمترەو لەدۆخێکی باشتردایە لەچاو تێکڕای وڵاتانی جیهان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناوخۆدا 23٪ی نەخۆشییەکە لەجۆری مەمکە، هۆشیاریی‌و پشکنینی پێشوەختە وەک تاقە کارتی ڕزگارکردنی ژیانی دایکان دەمێنێتەوە.

بەپەلە