کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی له‌هه‌رێم بۆ ماوەی یەک مانگ کەمدەبێتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کارەبای حكومه‌تى هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا كه‌ ئاڕاستەی تەواوی هاوبەشانی كردوه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ماوەی یەک مانگ پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازیی لەکێڵگەی غازی کۆرمۆر بەڕێوەدەچێت.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوەکە، لەمڕۆ 1ى تشرینی یەکەمه‌وه‌، پرۆسەی چاکسازییەکە لەلایەن کۆمپانیای داناغازەوە ئەنجامدەدرێت‌و لە 2ی تشرینی یەکەمەوە تا 2ی تشرینی دوەم، بەردەوامدەبێت.

وەزارەت ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی ئەم کارانەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی کاتیی بۆ چەند کاتژمێرێک کەمدەبێتەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، هەردوو وەزارەتی کارەباو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەهەماهەنگیی تەواودادەبن بۆ ئەوەی پرۆسەکە کەمترین کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاتژمێرەکانی بونی کارەبا لەناو پڕۆژەی ڕوناکیدا هەبێت.

وەزارەتی کارەبا ڕونیکردوەتەوە کە هۆکاری سازدانی ئەم چاکسازییە ساڵانەیە لەم مانگەدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلەکانی گەرما لەم قۆناغەدا ڕوو لەدابەزین دەکەن‌و کەمبونی کارەباکە بارگرانییەکی کەمتر لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستدەکات.