شارپرێس:
وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەسو دامەزراوەدا لە(چین،
ئێران، پاکستان، تورکیاو عەرەبستانی سعودیه)دا سەپاندو تۆمەتباریکردن بەبەشداریکردن
لەتۆڕەکانی کڕینی چەکو کەرەستەی سەربازیی بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی بەرگرییو پاڵپشتیی
هێزە چەکدارەکانی ئێران.
وەزارەتەکە لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو سزایانە لەچوارچێوەی
پڕۆسەی "دورخرامەوەی ئابوریی ـ Economic
Outcast) دێنو ئەو تۆڕانە
دەکەنە ئامانج کە کار بۆ دابینکردنی سیستمی چەک، کەرەستەی دولایەنەو ئامێری ئەلیکترۆنیی
بەستراوە بەبەرنامەکانی موشەکی بالیستیو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە دەکەن.
سزاکان (سەید ئەسغەر عەلیزادە تەباتەبایی) گرتوەتەوە کە وەزارەتی
دارایی ئەمریکا وەک نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئێران لەپەکین وەسفیکردوەو تۆمەتباریکردوە
بەڕێکخستنی کڕینی سیستمی چەکو کەرەستەی دولایەنە لەفرۆشیارە چینییەکانەوە.
هەروەها کۆمپانیای "EC Mojo Technology" کە بنکەکەی
لەهۆنگ کۆنگە، لەگەڵ نوێنەرەکەی بەناوی (لی فن) کراونەتە ئامانج، ئەمەش بەبیانوی
دابینکردنی کەرەستەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو تۆڕانەی کە بەبەشی سەربازیی ئێرانەوە بەستراونەتەوەو
هەوڵدان بۆ دەربازبون لەسزاو ڕێساکانی هەناردەکردن.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لیستەکە گروپی "Kavoshcom Asia"ی ئێرانیو بەڕێوەبەرەکەی
بەناوی (عەلی فەتوت ئەلمادی)و نوێنەرەکەی بەناوی (پەریسا لالی) گرتوەتەوە، لەپاڵ چەند
لایەنێکی دیكهى بەستراوە بەتۆڕەکانی کڕینەوە.
بهگوێرهى ئەو سزایانە، تەواوی داراییو بەرژەوەندییەکانی ئەو
کەسولایەنانەی کراونەتە ئامانج لەناو ئەمریکادا یان ئەوانەی لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی
ئەمریکیدان (بلۆک دەکرێن)، هاوکات زۆربەی مامەڵە داراییەکانی بەستراوە بەوانەوە قەدەغە
دەکرێن، مەگەر مۆڵەتی تایبەتیان هەبێت یان جیاکرابێتنەوە.
