عەلی باپیر داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

کوردستان

53 خولەک پێش ئێستا‌ 2171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ چونە بواری جێبەجێکردنی کشانەوەی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق لە 30ی ئەیلولی2026دا، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی جەماوەرو تەواوی هێزە سیاسییەکانی هەرێم کرد، هۆشداریدا کە بارودۆخی سیاسیى‌و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوخۆی عێراق گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، ده‌شڵێت، "ئەگەر لایەنەکان دەست لەتەبایی‌و یەکڕیزیی هەڵبگرن، پاشەکشەی زیاتر دەکەن".


عەلی باپیر ئاماژەی بەوەکردوه‌، وڵاتانی دراوسێی عێراق، سەرەڕای بەهێزیی ئابوریی، سەربازیی‌و پێگەی جوگرافییان، بەهۆی مەترسییەکانی ئەم قۆناغەوە پێداچونەوەیان بەسیاسەتی خۆیاندا کردوەو لەهەوڵی ڕێککەوتنی هاوبەشدان.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، دۆخی عێراق‌و هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، دەچێتە قۆناغێکی تەواو نوێوە کە دەرئەنجامەکانی نادیارن، بۆیە پێویستە هێزە کوردییەکان سود لەئەزمونی وڵاتانی دیكه‌ وەربگرن بۆ پاراستنی ئێستاو پاشەڕۆژی هەرێم.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری داوایەکی فەرمیی ئاڕاستەی هەموو پارتە سیاسییەکان کردوه‌ بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی بەپەلەو خێرا، بەمەبەستی کێشانی هێڵە گشتییەکانی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو یەک گوتاری‌و یەکهەڵوێستی.

عەلی باپیر بەرپرسیارێتییەکی مێژویی خستوه‌ته‌سه‌رشانی لایەنەکان‌و داوای لێکردون بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش هەر ئامانجێکی حزبی‌و ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلابنێن.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی باپیر پێشنیازێکی ڕونی خستوه‌ته‌ڕوو کە لەو کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەدا، تەنها پرسی کێشانی هێڵی گشتیی بۆ یەک گوتاری‌و ڕوبەڕوبونەوەی لێکەوتەکانی قۆناغی نوێی دوای هاوپەیمانان تاووتوێبکرێت‌و هیچ بابەتێکی دیکەی لاوەکی تێکەڵ بەگفتوگۆکان نەکرێت.