شارپرێس:
شەپۆلێکی نوێی هۆشداریی ئەمنیو سیاسیى لەسەر
ئاستی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراو تێیدا 12 وڵاتی گەورەی جیهان داوایەکی بەپەلەو دەستبەجێ
ئاڕاستەی هاوڵاتیانیان دەکەن کە بەزوترینکات خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجێبهێڵن.
ئەم بڕیارەش لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم
پێشهاتی ئەمنیی چاوەڕواننەکراودایەو سێبەری گرژییەکان باڵی کێشاوەتەوە بەسەر هێڵە
ئاسمانیو زەمینییەکاندا.
بهگوێرهى ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییانەی کە
لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوەی هەریەکە لەوڵاتانی (دانیمارک، سوید، نەمسا، ئەڵمانیا،
فەرەنسا، فینلەندا، کرواتیا، ئیتاڵیا، نەرویژ، سویسرا، کەنەداو ئوسترالیا) بڵاوکراونەتەوە،
داوا لەتەواوی هاوڵاتیانیان کراوە نەک هەر بەپەلە خاکی ئێران جێبهێڵن، بەڵکو لەئێستادا
گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە بەتەواوی ڕابگرنو بەهیچ شێوەیەک سەردانی نەکەن.
حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە هۆشداریی توند دەدەن
کە بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، لەهەر ساتێکدابێت ئەگەری پەککەوتنی لەناکاوو گشتیی گەشتە
ئاسمانییەکان لەئارادایە، ئەمەش ڕەنگە ڕێگەی گەڕانەوە لەهاوڵاتیانیان دابخات.
لەکۆتایی پەیامەکاندا، داوا لەتەواوی بیانییەکانی
ناو خاکی ئێران کراوە کە بەزوترینکاتو بەبێ دواکەوتن، خۆیان لەسەرجەم ئەو ناوچانە
دوربخەنەوە کە ئەگەری تێکچونی ئاسایشو ڕودانی گرژییان لێدەکرێت.
