شارپرێس:
فراکسیۆنی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانه" لەئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک پەیامێکی لەبارەی ڕوداوەکەی ناحیەی پردێ بڵاوکردەوە، کە تێیدا دوو
مێرمنداڵی کورد بەتەقەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق شەهیدکران، داواش دەکات سەرۆک
وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت.
نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و
سەرۆکی فراکسیۆنی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانه"، لەپەیامێکدا بۆ عەلی
زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە،" لەرێککەوتی 27ی ئەیلولی
2026؛ شەڕە روبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لەناحیەی پردێ رویدا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک
قوربانی لێکەوتەوە، یەکێک لە قوربانییەکان ( موراد زانا ) تەمەن 14 ساڵان بوو ".
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باسی
لەوەکردوە،" ئەمڕۆش تەرمی گەنجێکی دیکەی کەرکوک کە لەرۆژی روداوەکەوە بێ سەروشوێنە،
بەناوی (محەمەد هێمن) لەدادپزیشکی دۆزراوەتەوە کە نیگەرانی و خەمێکی قووڵی لەلای
دانیشتوانی شارەکە دروستکردوە ".
نەشئەت شاهوێز لەپەیامەکەیدا رایگەیاند، ئەوەی رویداوە پێویستی
بە رونکردنەوەی فەرمی هەیە، تاوەکو وردەکاری روداوەکە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و
رای گشتی رونبێتەوە، خەڵک و کەسوکاری
قوربانییەکانیش مافی خۆیانە بوەڵام بدرێنەوە لەسەر ئەم پرسیارانە:
-بە وردی چی ڕوویداوە و چۆن پێکدادانەکە دەستی پێکردوە؟
-سروشتی کردەوە سەربازییەکە و بارودۆخی دەوروبەری چی بوە؟
-چ ڕێکارێک گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی
مەدەنی؟
-ئاماری وردی ژمارەی قوربانیان چەندە؟
نەشئەت شاهویز ئەوەشیخستەڕوو، روبەڕوبوونەوەی تێرۆر ئەرکە
و هێزە ئەمنییەکان جێی ڕێزن، بەڵام پاراستنی گیانی هاوڵاتییان بەرپرسیارێتیی سەرەکیی
دەوڵەتە و یاسا لە سەرووی هەموانەوەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سەرۆکی فراکسیۆنی
"کەرکوک هێز و ئیرادەمانه" داوا لەزەیدیی دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی
تایبەت لەبارەی روداوەکەی پردێ پێکبهێنن و گوێبیستی شایەتحالەکان بن و پێداچونەوە
بە بەڵگەکاندا بکەن، گوێ لەکەسوکاری قوربانییەکانیش بگرن، دواتریش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان
بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
هاوکات، داواش دەکات بەپێی یاسا قەرەبوی کەسوکاری قوربانییەکان
بکرێتەوە .
دەشڵێت، کەرکوکیش گۆڕەپانی
ڕشتنی خوێن نییە، و گیانی ڕۆڵەکانی ئامانەتێکە لەسەر شانی دەوڵەت.
