دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان: کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە داخراوی دەمێنێتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دادگا کۆمپای کۆڕەک تیلیکۆم ناگەڕێنێتەوە بۆ کارکردن، دەشڵێت، قەرزەکانی کۆمپانیاکە هەر ماون و داخستنەکە بەردەوامە.


دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" بەدواداچونمان بۆ ئەوە کردوە کە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بڕیاری دەرچوو لە دادگای بەرایی ڕەسافە، لێکدانەوەی نادروستانەیان بڵاوکردوەتەوەو وا پێشان دراوە کە ڕێکارەکانی دەستە بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم هەڵوەشێنراونەتەوە ".

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕونىدەکاتەوە کە بابەتی داواکە و ناوەڕۆکی بڕیاری دادگا تەنها پەیوەست بون بە نوسراوی دەستەکە بە ژمارە (١/ر/٦٤١٧) لە ٢٠٢٦/٦/٢، کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڕێککەوتنی ژمارە (٥٣) لە ٢٠٢٥/٩/٢٣ی لەخۆگرتبوو.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەم گرێبەستە تایبەتە بە خشتەبەندیکردنی دانەوەی ئەو قەرزە داراییانەی کە لە ئەستۆی کۆمپانیاکەدان، دادگاش بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی نوسراوی ناوبراو و بە (نافذ) دانانی گرێبەستی ڕێککەوتنەکە لە نێوان هەردوو لایەن داوە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکە هیچ دەق یان ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارە ڕێکخستنی و یاساییەکانی دیکە کە بەرامبەر کۆمپانیاکە گیراونەتەبەر، لەوانە داخستنی بارەگاکانی.

دەستەکە باسی لەوەشکردوە، ئەم ڕێکارانە لە بنەڕەتدا پشت بە کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستی مۆڵەتی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل لەگەڵ کۆمپانیاکە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٨/٣٠ دەبەستن؛ ئەو ڕاستییەش دادگا لە هۆکار و بنەماکانی بڕیارەکەیدا سەلماندویەتی، بۆیە ئەم ڕێکارانە هەر بەردەوام و جێبەجێکراو دەمێننەوە، تا بڕیارێکی دادوەری دەرنەچێت کە بە ڕاشکاوی هەڵوەشاندنەوەیان دیاری بکات.

لەڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتوە،" بڕیارەکە نە مۆڵەتێکی بە کۆمپانیاکە داوە و نە مۆڵەتەکەی نوێ کردوەتەوە، هەروەها (نافذبونی) گرێبەستی ڕێککەوتنەکە بەو مانایەیە کە کۆمپانیاکە هەر پابەندە بە دانەوەی ئەو قەرزانەی کە بۆ دەوڵەت لە ئەستۆیدا سەلمێنراون، جگە لەو بڕە داراییە زیادانەی کە دەکەونە ئەستۆی، بڕیارەکە کۆمپانیاکە لە هیچ یەکێک لەم پابەندییانە نابەخشێت ".

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان راشیدەگەیەنێت، بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێگا یاسایی و دادوەرییەکان لە هەموو ڕێکارە پەیوەندیدارەکان بە پەڕگەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم، لەوانە بەکارهێنانی ڕێگاکانی تانەدان کە یاسا مسۆگەری کردون، لە ناو ماوە دیاریکراوەکاندا؛ بە شێوەیەک کە مافەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی بەکارهێنەران بپارێزێت و لەگەڵ یاسا و ڕێسا بەرکارەکان بگونجێت.

بەپێی رونکردنەوەکە، ئەو بارەگایانەی کۆمپانیای کۆڕەک کە پێشتر بەپێی ڕێکارە ڕێکخستنییەکانی بەرامبەر کۆمپانیاکە داخراون، هەر بە داخراوی دەمێننەوە. هەر کردنەوەیەکی ئەو بارەگایانە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بەبێ ڕەزامەندیی دەستەکە، بەرپرسیارێتیی یاسایی و کارگێڕییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکە، و بە هیچ شێوەیەک بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا یان ڕەزامەندیی دەستە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی دانانرێت.