ئەگەری دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی سەر ئێران هەیە

جیهان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 177 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی یەك شەممە ڕایگەیاند، چاوەڕوانی گفتوگۆی زیاترە لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیەدا، ئەوەش دوای ڕۆژێك لە ڕەتكردنەوەی پێشنیازی ئێران بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ، هاوكات دووپاتی كردەوە كە بەردەوام بیر لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان دژی ئێران دەكاتەوە.

ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەكسیۆس، ڕایگەیاند، تاران دەیەوێت ڕێككەوتنێك بكات، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە نییە كە واشنتۆن بەدوایدا دەگەڕێت و دەشڵێت "ئەوان دەیانەوێت ڕێككەوتنێك بكەن، بەڵام ئەوە ئەو ڕێككەوتنە نییە كە من دەمەوێت. ئەوە ڕێككەوتنێكە كە ڕەنگە ساڵێك لەمەوبەر ئەنجاممان دابێت، ئەوان هەڵوێستی خۆیان زیاتر خەمڵاندووە".

لەبارەی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئێران سەرۆكی ئەمریكا، وتی "بەڵێ بیری لێ دەكەمەوە".

هاوكات ئەكسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ناوچەییەوە نووسیویەتی كە پێشبینی دەكەن خولێكی نوێی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران لە ڕۆژی دووشەممە دەستپێبكات، چونكە ناكۆكییەكان لەسەر مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە و جێبەجێكردنی بەردەوامن.