مێژوو خاڵی نیە لە نموونەی دیاری هەڵە و پەڵەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان، کە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی خراپ، نەخشەڕێگەی نادیار و بڕیاری لوتبەرزانە و بێ گوێدانە ئامار و داتا و پێدراوەکان، هەنگاوی کت و پڕ و بە پەلەیان ناوە و گەل و میللەت و خاک و هێزی سەربازی و مرۆییەکانی خۆیان کارەساتبار کردووە.
لەو جۆرە هەڵانەی کە لە دووتوێی کتێبە مێژووییەکاندا باس کراوە: بە کەم زانینی توانای بەرانبەر و هەڵەی سەربازی یان سیاسی یاخود هەردووکیان پێکەوە، پشتگوێ خستنی زانیارییە سیخوڕییەکان و غرووری سیاسی و زیادەڕۆیی لە پشت بەستن بە هێزە سەربازییەکانی خود، یاخود بڕیاردان لە ژێر کاریکەری ئایدۆلۆجی، یاخود بۆ بەرژەوەندی کەسی و ناوبانگ پەیداکردن، یان هەر نەبێ هەنگاونان لە کات و شوێنی نەگونجاو.
چەند نموونەیەک لەو نموونانەی کە مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە:
١-هەڵە بەناوبانگەکەی ناپلیۆن بوو، کە هێرشی فراوانی کردە سەر ڕووسیا، لە ساڵی ١٨١٢دا، بەو نیازەی لە ئەنجامی سەرکەوتنێکی خێرا، قەیسەری ڕووسیا ناچاری ملکەچ کردن بکات.
لێرەدا ڕووسەکان، بە پلانێکی تەکتیکی، پاشەکشەیان کرد بۆ ناوەوەی وڵات و ناپلیۆنیش نەیتوانی پێداویستی و کۆمەک بگەیێنێتە ناوچەیەکی فراوانی ژێر ڕکێفی خۆی. بە هۆی ئەمەشەوە، ناپلیۆن سەددان هەزار سەربازی لە دەستدا. ئەم تێکشکانە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی داڕووخانی ئیمراتۆرییەتی فەڕەنسی.
٢- ئەو بەرە فراوانەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە، کە هتلەر دژ بە ڕووسیا، لە ساڵی ١٩٤١دا کردییەوە، بەو نیازەی یەکێتی سۆڤێت بڕووخێت.
ئەمە یەکێک بوو لەو هەڵە ستراتیژییانەی هتلەر، کە دواتر یەکیان گرتەوە لە گەڵ بەرپا بوونی جەنگ لە گەڵ بەریتانیا و ئەمریکا؛ دواجار بوونە هۆی شکستی گەورە بۆ هتلەر و هێزەکەی.
٣- ماوتسی تۆنگ کاتێ هەنگاوێکی خێرای مەترسیداری نا، لە ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٢دا، لە پێناو خێراکردنی پیشەسازی و گۆڕانکاری خێرای ئابوری. ئەمەش، بە پشت بەستن بە هەندێ هەنگاوی کشتوکاڵی و ئابوری کارەساتبار و زانیاری پاوەڕپێنەکراو و گوێ نەگرتن لە ڕای جیاواز و سەرکوتکردنیان، بووە هۆی برسیکردنی خەڵک و قات وقڕی و مردنی بە کۆمەڵ. لە هەندێ ئاماردا، ئاماژە بە مردنی زیاتر لە ٣ملیۆن مرۆڤ دەکرێت.
٤- پیلان و هەڵسەنگاندنی کوشندەی سەددام حسێن لە گرتنی کوێت، لە ساڵی ١٩٩١دا. ئەم داگیرکارییە کت و پڕە بە چ کارەساتێک بە سەر گەڵانی عێراقدا شکایەوە، کە تا ئەمڕۆش زیانەکانی بەردەوامن.
ئەمانە چوار نموونەن لە دەیان نموونەی دیکەی مێژوویی، کە لە هەموویاندا خاڵێکی هاوبەش هەیە. کە ئەمەش ئەوە ناگەیێنێت کە ئەم سەرکردانە کەسانی زیرەک و بلیمەت و زانا نەبوون، بەڵام لە هەموویاندا چەند خاڵێک دووبارە دەبنەوە، وەک: باوەڕبەخۆبوونی بێ سنور، گریمانەی زوو تێپەڕبوونی کات و سەرگرتنی هەنگاوەکە، کورتبینی لە هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی بەرانبەر...بەڵام، لە هەموویان گرنگتر، نەبوونی دەزگایەکی باڵای دەسەڵات کە بەم سەرۆکانە بڵێت: «سەرۆک، ئەم هەنگاوەت هەڵەیە و نابێت بنرێت». وە یەکێک لە هەرە خاڵە لاوازەکانی ئەم سەرکردانەی کە هەمیشە بە سەرکەوتن ڕاهاتوون، غرووری سیاسییە، کە نازانن هەندێ جار قومارە سیاسییەکانی پێشووی کە سەرکەوتنی تیا بەدی هاتووە، نابنە پێوەر بۆ لە هەر جارێکدا هەمان سەرکەوتن بە دەست بهێنی؛ چونکە دواجار قومارکردن وایە کە دەبێتە مایەی مایەپووچی.
جا ئەگەر قومارەکەت سیاسی بێ، ئەمە مایەپووچییەکە زیان بە میللەتێک ئەگەیێنێت کە تاکە سەرکردەیەک قوماری پێوەکردووە.
مێژووی کورد پڕاوپڕن لە کارەسات، سەرکەوتن و نووشست. لە زۆربەی هەرە زۆریان، وەکو هەر شۆڕشێک، پەرپا بووە و تەشەنەی سەندووە و دواتر، لە نابەرابەری هێزلە گەڵ داگیرکەراندا، شۆڕشەکە دامرکاوەتەوە و کۆتایی پێ هاتووە. لەم دۆخەدا، لێکۆڵەر بە دڵنییاییەوە ناتوانێت تەواوی هۆکارەکانی شکستەکە بە گەردنی تاکە سەرکردەیەکدا هەڵواسێت. بەڵام، لە کارەساتێکی لە وێنەی فشە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە هێندەی لە قومارێکی سیاسی ئەچوو یان پیلانێکی نێو دەوڵەتی، هێندە لە هەنگاوێکی حەکیمانەی سەرکردەیەک نەدەچوو کە بە تەنگ دەستکەوەکانی میللەتەکەی خۆیەوە بێت.
پێش ڕێفراندۆم، کورد بە گشتی هێندەی نازی نێودەوڵەتی پەیدا کردبوو، کە چاوپۆشی لە سنووری مانەوەی بکەن لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا.
بارزانی، لە بەرانبەر پاشگەزبوونەوە لە ڕێفراندۆم، بەڵێنی زۆر گەورە گەورەی پێ درابوو؛ بەڵام، بە هەموو پێوەرێک، وا دەردەکەوێت کە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بڕیاری لێدرابوو بدرێت و بڕیارەکەش لە خودی بارزانی گەورەتر بوو. جا دەستکەوت لەو بڕیارە چی بوو و بۆ کێ بوو و لە بەرانبەر چی بوو، خودی بارزانی ئەبێت وەڵاممان بداتەوە. خۆ ئەگەر دوای ئەو هەموو کارەساتەی کە بەرئەنجامی ڕێفراندۆمەکە بوو، هەر سووربێ لە سەر ئەوەی کە سەرکەتوو بووە، ئاخۆ ئەبێت سواری سەری خۆبوون چی بێت؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی