هاوسەرۆكی دەم پارتی: پێشنیاری ئۆجالان بۆ یەكگرتنەوەی پێشمەرگە هاتەدی

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 162 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی لە سێیەمین كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەی لە ئامەد ڕایگەیاند، "پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە گەنج هەیە. ئامەد دڵی هەموو كوردە و ئەمڕۆ ئەگەر پرۆسەیەك هەبێت، لە سایەی ڕەنجی گەورەی گەلەكەمانەوە هاتووەتە دی. گەورەترین سڵاویش بۆ ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئۆجالان دەنێرم كە دوای سەدەیەك لە لێوار لەناوچوونەوە كوردی گەڕاندەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمڕۆ ناسنامە، كەلتور و مافەكانی گەلی كورد لەسەر مێزی گفتوگۆ قسەیان لەسەر دەكرێت."

تونجەر باكرهان لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی ڕەوشی باشوری كوردستان وتی " ئۆجالان وەك چۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری چارەسەرێك دەكات، هەر واش بۆ كورد پێشنیاری چارەسەر دەكات. بەر لە چەندین ساڵ پێشنیاری كرد كە پێشمەرگە ببێتە یەك و ئەمڕۆ ئەمە هاتووەتە دی. ئەم هەنگاوە زۆر پیرۆزە. بەڵام كەموكوڕیشی هەیە. پێویستە ئیتر لە باشور حكومەت پێكبێت و كار بۆ داهاتووی گەل بكرێت".

لەبارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی" ئێمە لێرەوە داوا لە ئێران دەكەین كە دەست لەم هێرشانەی هەڵبگرێت كە دەیكاتە سەر شارە كوردییەكان. هەروەها ئەم هێرشانە شەرمەزار دەكەین. داوا لە ئێران دەكەین كە دەست لە لەسێدارەدان هەڵبگرێت و بۆ چارەسەری كێشەكان بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ گەلەكەی."