دەنگۆی دەستگیرکردنی فڕۆکەوانێک بڵاوكرایه‌وه‌و سەرچاوە فەرمییەکانیش بێدەنگن

جیهان

52 خولەک پێش ئێستا‌ 1254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردودا، لەچەندین پلاتفۆڕم‌و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەنگۆی دەستگیرکردنی فڕۆکەوانێک بەناوی (خه‌لدون حوسێن موبارەک) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆرى سوریاوه‌ بڵاوکرایەوە، بەڵام بەدواداچونە میدیاییەکان دەریانخستوە تائێستا ئەم زانیارییانە فەرمی نین.


پشتبەستن بەکه‌ناڵە فەرمییەکانی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆرو وەزارەتی بەرگریی سوریا، تائێستا هیچ ڕونکردنەوە، بەیاننامە یان پشتڕاستکردنەوەیەک لەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەم ناوە دەرنەچوە.

چاودێرانی ئەمنی ئاماژە بەوەدەکەن، زۆرجار لەکاتی بونی پێشهاتی لەمجۆرەدا، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی یان پێگە فەرمییەکانی دژەتیرۆر دەستبەجێ گرتەی ڤیدیۆیی یان دانپێدانانی تۆمەتباران بڵاودەکەنەوە، بەڵام نەبونی هیچ ئاماژەیەک نیشانەی ناڕاستی‌و بێ بنەمایی ئەم دەنگۆیەیە.

ناوەندە چاودێرییەکانی میدیا داوا لەهاوڵاتیان‌و پەیجە هەواڵییەکان دەکەن کە لەگواستنەوەی ئەمجۆرە ناونیشانە ئەمنییە هەستیارانەدا تەنها پشت بەسەرچاوە فەرمی‌و متمانەپێکراوەکانی دەوڵەت ببەستن، تاوەکو ڕێگریی بکرێت لەبڵاوبونەوەی پڕوپاگەندەی ناڕاست لەناو ڕای گشتیدا.