شارپرێس:
لەپێشهاتێکی دیپلۆماسیی گرنگدا بۆ کۆتاییهێنان بەناکۆکییە مێژوییەکانی نێوانیان، عێراقو کوەیت گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ پێکهێنانی تیمێکی کاری بەپەلە بەمەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات لەماوەی تەنها 30 ڕۆژدا.
ئەم بڕیارە مێژوییە لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشەوە لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش دوای کۆبونەوەی لوتکەی نێوان عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقو شێخ سەباح خالید ئەلحەمەد ئەلسەباح شێخی جێنشینی کوەیت کە لەپەراوێزی کارەکانی خولی 81ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لەشاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
بهگوێرهى بەیاننامە فەرمییەکە، هەردولا لەسۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان بەگیانی برایەتیو دراوسێیەتیی باش، لەسەر چهند خاڵێكى سەرەکیی ڕێککەوتون، بۆ نمونه پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەشی عێراقی-کوهیتی بۆ پێداچونەوەی تەواو بەدۆسیە هەڵپەسێردراوەکان (کە دۆسیەی سنورە ئاوییەکانو کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان دەگرێتەوە)، ئەم تیمە ئەرکی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی چارەسەری پێسپێردراوەو پێویستە ڕاسپاردە هاوبەشەکانیان بۆ سەرکردایەتیی هەردوو وڵات بەرزبکەنەوە لەماوەیەکدا کە تەنها 30 ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
ئهوهش هاتوه، "تیمە هاوبەشەکە بەشێوەیەکی خولیو بەردەوام کۆبونەوەکانی لەنێوان بەغداو کوەیت ئەنجامدەدات تائەوکاتەی کارەکانی بەتەواوی کۆتایی پێدێت، ههروهها هەردوو سەرکردە پشتگیریی ڕەهاو تەواوی خۆیان بۆ سەرکەوتنی کاری ئەم تیمە بەپەلەیە دوپاتکردوەتەوەو ڕایانگەیاندوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی داخستنی یەکجاریی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانو کردنەوەی قۆناغێکی نوێ لەهاوکاریی، هاوبەشیو ئابوریی درێژخایەن لەنێوان هەردوو وڵاتی برادا، بەجۆرێک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقو کوەیت بکات".
