27 وڵات بایكۆتى وتاره‌كه‌ى ناتانیاهۆیان كرد

جیهان

52 خولەک پێش ئێستا‌ 2245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی کتوپڕی دیپلۆماسیدا کە ئاستی گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی ته‌لئه‌بیب پیشاندەدات، دەیان نوێنەرو وه‌فدى فەرمیی دەوڵەتان لەهۆڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕێک لەکاتی چونی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆسەر سەکۆو دەستپێکردنی وتارەکەی، پشتیان تێکردو هۆڵەکەیان جێهێشت.


ئەم بایکۆتە بەرفراوانە نێودەوڵەتییە، لیستی وه‌فدو ئەو وڵاتانەی گرتەوە کە هۆڵەکەیان جێهێشت لەوانە (عێراق، ئێران، تورکیا، سعودیە، قەتەر، میسر، ئوردن، سوریا، تونس، جەزائیر، لوبنان، فەڵەستین، کوه‌یت، عومان، یەمەن، لیبیاو سودان)، هاوکات وڵاتانی دیكه‌ى وەک (بەڕازیل، ئیسپانیا، باشوری ئەفریقیا، کۆڵۆمبیا، چیلی، پاکستان، ڤەنزوێلا، کوبا، ئەفغانستان‌و کۆریای باکور)یش بەشداریی پڕۆسەی کشانەوەکە بون.

ناتانیاهۆ لەناو هۆڵە نیوەچۆڵەکەدا هێرشیکردەسەر ئەو نوێنەرانەی کشابونەوەو ئەوانی بە"ترسنۆکی ئەخلاقی" وەسفکرد، هاوکات داوای لەوکەسانەش کرد کە لەهۆڵەکەدا مابوونەوە، ئەگەر هەمان هەستیان هەیە، ئەوانیش هۆڵەکە جێبهێڵن‌و وتى، "سوپاستان ده‌كه‌م ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌".

ناتانیاهۆ لەوتارەکەیدا هێرشیکردەسەر زەهران مەمەدانی سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک‌و ڕایگەیاند، "ناتوانیت بێدەنگم بکەیت"، هاوکات هێرشیکردەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو بە"دیکتاتۆر" ناوی برد، جیا لەهێرشکردنی بۆسەر قەتەر کاتێک ڕایگەیاند، "ئەو وڵاتە دەیان ساڵە پارە دەبەخشێتە زانکۆکانی ئەمریکا بۆ شۆردنەوەی مێشکی گەنجان".

سەبارەت بەدۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ناتانیاهۆ جەختیکردەوە کە ئەو "گەورەترین هاوبەش‌و دۆستی ئیسرائیلە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەشیکرد کە حکومەتەکەی لەکەرتی غەزەدا هیچ جۆرە جینۆسایدێکی ئەنجامنەداوە، بەڵکو ڕێگریی لێکردوە؛ ئەمەش لەکاتێکدا دێت کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ خۆیی‌و یوئاڤ گالانت کردوە بە تۆمەتی بەرپرسیارێتییان لەتاوانی جەنگ.

پێشتریش ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی پشتڕاستیکردبوەوە کە ناتانیاهۆ بەر لەخولێکی هەڵبژاردنی چارەنوسسازو پێش پێشکەشکردنی وتارەکەی لەنەتەوەیەکگرتوەکان، ڕوبەڕوی ئاستێکی نوێ‌و بێپێشینە لەگۆشەگیریی نێودەوڵەتی بوەتەوە کە لەکاتێکی یەکجار هەستیاردایە بۆ داهاتوی سیاسیی خۆیی‌و ئیسرائیل.