زەیدی لەئه‌مریكاوه‌ چه‌ند په‌یامێكى گرنگى بڵاوكرده‌وه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەوتارێکی مێژویی‌و فەرمیدا لەبەردەم خولی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لەنیویۆرک ڕایگەیاند، گەلی عێراق لەڕوی مێژوییەوە بەهۆی ململانێ‌و جەنگە یەک لەدوای یەکەکانەوە باجێکی یەکجار قورسیداوە، جەختیشیکردەوە، عێراقى نوێ کار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان‌و بونیادنانی هاوبەشیی ستراتیژیی دەکات، ده‌شڵێت، "پابەندین به‌ به‌ڵێنه‌كه‌مان بۆ سەپاندنی سەروەریی یاساو جێگیرکردنی بنەماکانی سەقامگیریی ناوخۆیی، عێراق بەشێوازێکی یەکلاکەرەوەو جێگیر بەرەو كۆكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا هەنگاو دەنێت".


عه‌لى زەیدیی لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتییەوە تیشکیخستەسەر پڕەنسیپە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی بەغداو ڕایگەیاند کە هه‌ڕه‌شه‌ ئابوریی‌و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای وڵات، درێژکراوەی لێکەوتەکانی ئەو جەنگە فەرزکراوانەن کە کۆمەڵگەی عێراقی تێچوەکەی لەئاسایش، سەقامگیریی‌و گەشەپێدانی خۆی لەدەیان ساڵی ڕابردودا بەخشیوە.

سەرۆک وەزیران دوپاتیکردەوە، بەغدا سیاسەتێکی هاوسەنگی ئەرێنی پەیڕەو دەکات‌و سورە لەسەر گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی بەیەکگەیشتن‌و پردێکی بەهێزی هاوکاریی‌و دیالۆگی بونیادنەر لەنێوان سەرجەم گەلان‌و دەوڵەتانی ناوچەکەدا، بەتەواوی دور لەسیاسەتی جەمسەربەندی‌و ململانێی میحوەرەکان.

سەرۆکی حکومەتی عێراق هه‌ر لەوتەکەیدا پەیوەندیی نێوان سەقامگیریی ناوچەکەو بەدیهێنانی تەواکاریی ئابوریی بەرزنرخاندو جەختی لەسەر پابەندیی فەرمیی بەغدا کردەوە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام‌و سەقامگیر کە پاڵپشتی لەوەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بکات‌و پاراستنی تەواوی سەروەریی نیشتمانیی عێراق مسۆگەربکات.

زەیدی ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆسەی بونیادنانی دیموکراسی لەعێراقدا لەگەڵ فراوانبونی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمنیدا ناگونجێت‌و جەختیکردەوە، پلانی حکومەتەکەی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی هەنگاوە جێبەجێکارییەکان‌و خشتە زەمه‌نییەکان تا تەواوی چەکەکان بخرێنە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆو تەواوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

ئه‌وه‌شى ڕونکردەوە، بڕیاری ستراتیژیی شەڕو ئاشتی تەنها لەڕێگەی که‌ناڵە دەستورییە فەرمییەکانەوە دەردەچێت کە خۆی لەحکومەت‌و پەرلەماندا دەبینێتەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات‌و بەدورگرتنی عێراق لەدەرهاویشتە کتوپڕەکانی قەیرانە ناوچەیییەکانی دەوروبەر.

عه‌لى زەیدی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەنێوان سەرکەوتنی پاکێجە چاکسازییە ئابوریی‌و داراییەکانی بەغدا لەگەڵ سەقامگیریی ژینگەی ئەمنیدا گرێداو بەتەواوی پەیامێکی دڵنیاییدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و کۆمپانیا جیهانییەکان کە پاراستنی سەروەریی‌و كۆكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنى چەک گەورەترین چەتری پاڵپشتییە بۆ پاراستنی وەبەرهێنانە بیانییەکان‌و بونیادنانی هاوبەشیی درێژخایەن.