کێشەیەک لەسەر سۆندەی ئاو دوو كوژراوو سێ بریندارى لێكه‌وته‌وه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەمەقاڵێیەکی سادەی نێوان دوو دراوسێ لەسەر بەکارهێنانی سۆندەی ئاو لەپایتەختی عێراق، پەرەیسەند بۆ شەڕەتەقەیەکی خوێناویی‌و کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە؛ به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییە ئەمنییەکان، لەو ڕوداوەدا دوو هاوڵاتی کوژراون‌و سیانى دیكه‌ش بەسەختی برینداربون کە سەرجەمیان تەنها بۆ ناوبژیوانی هاتبونە نێوان هەردوو ماڵەکەوە.


به‌گوێره‌ى بەدواداچون‌و زانیارییە مەیدانییەکان كه‌ میدیاى عێراقى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ڕوداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەناوچەی (ئەبو شەمعە) لەشارۆچکەی مەحمودییەی سەر بەپارێزگای بەغدا، لەنێوان دوو خێزانی هاوسێدا سەریهەڵداوە.

کێشەکە لەسەر سۆندەیەکی ئاو دەستپێدەکات‌و دوای توندبونی دەمەقاڵێی نێوانیان، گەنجێکی یەکێک لەماڵەکان دەچێتە ژورەوەو بەچەکه‌وه‌ دێتە دەرەوەو تەقەیەکی هەڕەمەکیی‌و زۆر دەکات.

لایەنی ناخهەژێنی ئەم کارەساتە ئەوەیە کە تەواوی هەر پێنج قوربانییەکە (دوو کوژراوو سێ بریندارەکە)، هاوڵاتیانی دراوسێی ئەو دوو ماڵە بون؛ ئەوان کاتێک دەنگە دەنگەکە دەبیستن، بەمەبەستی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەو چاککردنی کێشەکە وەک نێوەندگیر دێنە ناو حەوشەکە، بەڵام دەکەونەبەر دەستڕێژی فیشەکەکان‌و دەبنە قوربانیی، لەئێستاشدا بریندارەکان بەدۆخێکی تەندروستیی ناجێگیرەوە لەنەخۆشخانەی فریاکەوتندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

سەرچاوە ئەمنییەکان پشتڕاستیانکردەوە، ئەو گەنجەی تەقەیکردوە، دەستبەجێ دوای تاوانەکە لەشوێنی ڕوداوەکە ڕایکردوەو تائێستا دەستگیرنەکراوە، لەبەرامبەردا، پۆلیسی ناوچەی کەرخی بەغدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوداوەکە کردوەتەوەو بەفەرمی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تەقەکەرە سەرەکییەکەو هاوڕێیەکی هاوکاری دەرکردوەو هێزە ئەمنییەکانیش کێوماڵکردنی ناوچەکەیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنیان دەستپێکردوە.