بۆچى نوێنەری ئیسرائیل ئامێرێکی ستارلینک-ی پێشکەشى نوێنەری ئێران‌ كرد؟

جیهان

46 خولەک پێش ئێستا‌ 1666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هۆڵى كۆبونه‌وه‌ى گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان شایەتی ڕوداوێکی دیپلۆماسیی دەگمەن‌و ناوازەبوو؛ نوێنەری ئیسرائیل چوەسەر هێڵی فەرمیی کورسیی نوێنەری ئێران‌و ئامێرێکی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لەجۆری (ستارلینک ـ Starlink) وەک دیاری دانا لەبەردەمیدا.


نوێنەری ئیسرائیل لەکاتی پێشکەشکردنی ئامێرەکەدا ڕوی دەمی کردە دیپلۆماتکارەکەی ئێران‌و ڕایگەیاند، "ئەم ئامێرە ڕەنگە سودێکی زۆری بۆ گەلی ئێران هەبێت بۆ گەیشتن بەتۆڕی ئینتەرنێت‌و گێڕانەوەی ئازادییەکانیان".

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەیکرد، "ئێمە گەلی ئێرانمان خۆشدەوێت‌و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەکەین کە شایەتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بێت لەو وڵاتەدا".

لەبەرامبەر ئەم جوڵە نمایشکارییەدا، نوێنەری ئێران بەپشتگوێخستنێکی تەواوو ڕەها وەڵامی نوێنەری ئیسرائیلی دایەوە؛ بەجۆرێک لەسەر کورسییەکەی خۆی بەبێدەنگی مایەوەو هیچ جۆرە پەرچەکردارێک یان ئاوڕدانەوەیەکی بۆ لای دیپلۆماتکارە ئیسرائیلییەکە پێشان نەدا، ڕێک وەک ئەوەی کەس لەتەنیشتی ئامادە نەبێت.

چاودێرانی نێودەوڵەتی ئەم دیمەنەیان وەک تاقیکردنەوەیەکی توندی میدیایی‌و پڕوپاگەندەی سیاسیی لەناو هۆڵی نەتەوەیەکگرتوەکاندا وەسفکردوه‌.