شارپرێس:
ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرک بەو مانایەیە کە ئەو پیاوەی وڵاتەکەی لە شەڕێکی گەرمدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر پاراستنی دەزگا ئاسایشییەکانی هەمان ئەو وڵاتە. ئەمە پارادۆکسێکە پڕ لە دژایەتیی، بەڵام لە پشت پەردەی ئەم هەڵوێستەوە دەکرێت دەرگایەک بەڕووی پێشهاتێکدا بکاتەوە کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد.
ئەم دۆخە لە ڕواڵەتدا پرۆتۆکۆلی دیارە، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێک کە لە وێنەیەکی ئاسایی ڕێکخستنی ئەمنی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەورەتر پیشان دەدات. پزیشکیان لە کاتێکدا لە نیویۆرکە کە کەناڵەکانی ناوەندگیریی دووبارە کەوتوونەتەوە گەڕ؛ بەر لەوەش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی لە دوای وێستگەیەک لە قەتەر، گەیشتە شارەکە. لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و زمانی توندی لێدوانەکان، ئەم کاتە کۆمەڵێک پرسیار دەووروژێنێت.
ئەم دۆخە بە مانای نێزیکبوونەوەی دیدارێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان پزیشکیان و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ترەمپ یان ڕێککەوتنێکی ئامادەکراو نییە؛ بەڵام کۆبوونەوەی لایەنەکانی ململانێکە و ناوەندگیرەکان لە یەک شوێندا، نیویۆرک دەکاتە گۆڕەپانێکی دەگمەن بۆ ئاڵوگۆڕی خێرای پەیامەکان، بێ پێویستبوون بە وێنەی تەوقەکردنێک کە ڕەنگە هیچ لایەکیان لەم کاتەدا نەیانەوێت.
پزیشکیان بە وتارێکی توند و بەڵێنی بەرگریکردن لە هەڵوێستی وڵاتەکەی تاران وەک دەرچووی سەرکەوتووی جەنگ بەیان کرد، بەڵام عێراقچی بە ئەرکێکی جیاوازەوە گەیشتە نیویۆرک؛ لە ڕێگەی زنجیرەیەک دیدار و پەیوەندیی دیپلۆماسی چالاک بۆ داڕشتنی مەرجی نوێی گەڕانەوەی ڕێڕەوی دەریایی لە هورمز و کۆتاییهێنان بە شەڕ.
بەپێی قسەی چاودێران، ئێران پێویستی بە سووککردنی گەمارۆ و فشاری سەربازییە، ئەمریکاش خوازیاری ئاساییکردنەوەی ناوچەکەیە. لەم نێوەندەدا، نیویۆرک دەکرێت بێتە تۆڕێکی دانوستانی نەبینراو کە چەقبەستوویی دیپلۆماسی ڕزگار بکات.
چیڕۆکە پارادۆکسەکە ئەوەیە: هەردوو لایەن هۆکاری تەواویان هەیە بۆ دانوستان و هەمان هۆکاریش بۆ ئەوەی وەک داواکاری دانوستان دەرنەکەون؛ واشنتۆن نایەوێت وەک پاشەکشە لە گوشارەکان دەربکەوێت و تاران ناخوازێت وەک سازشکار وێنا بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی پزیشکیان لەژێر پاراستنی "دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی" ئەمریکادا دەبێت لە نیویۆرک، پرسیارە بنەڕەتییەکە لە پشت دەرگا داخراوەکاندایە: ئایا ئەم بەشدارییە دەبێتە هۆی وەرچەرخانی شارەکە بۆ ژوورێکی دانوستانی نەبینراو؟