بەغدا بەڵێنێکی بەرامبەر هه‌رێم نەبردەسەرو له‌سلێمانیه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

19 خولەک پێش ئێستا‌ 2985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق داوادەکات بەشە غازی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت، به‌ڵام بەرپرسێکی کەرتی سوتەمەنی لەسلێمانی ئاشکرایدەکات، حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر پارێزگای سلێمانی نەبردوەتەسەرو لەڕۆژی نۆی ئەم مانگەوە هیچ بڕە غازێکی شل لەبەغداوە نەگەیشتوەتە سلێمانی‌و شارەکانی دیکەی هەرێم، جەختیشدەکاتەوە، ئەو غازەی ئێستا دابەشدەکرێت، لەكۆگاكانى ناوخۆوە دابیندەکرێت.


عومه‌ر عه‌بدوڵڵا سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لەقائیمقامیەتی سلێمانی ئاشكرایكرد، "لەڕۆژى 9ى ئەم مانگەوە تەنانەت یەک کیلۆ غازیش لەبەغداوە نەهاتوەتە شاری سلێمانی‌و هیچ شارێكى دیكه‌ى هەرێم، بەڵام ئەو غازەی پێشتر كۆگامان کردبوو (خەزنی یەدەگ)، لەمکاتەدا بەهانامانەوە هات‌و دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان کە تائێستا هیچ کێشەیەکمان نییەو غازی پێویستمان لەبەردەستدایە".

سەبارەت بە دابەشکردنی غازی ماڵان‌و ئۆتۆمبێل-یش، ناوبراو ڕونیکردەوە، سەرجەم کارگەکانی غازی ماڵان غازیان هەیەو لەناوشاری سلێمانیشدا لەکۆی 10 بەنزینخانەی تایبەت بەغاز (LPG)، زۆریه‌یان غازیان پێگەیشتوە.

دوای هێرشەکەی شەوی هه‌شتى ئه‌م مانگه‌ بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆرو وەستانی بەرهەمهێنانی غاز، لەڕۆژی نۆی ئه‌م مانگه‌دا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕەزامەندیی دەربڕیی‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕاسپارد کە بڕی پێویستی غازی شل (LPG) بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تا کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لەکۆرمۆر.

به‌گوێره‌ى ڕێککەوتن‌و ڕاگەیاندنی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەغدا بڕیاریدابوو ڕۆژانە 760 تۆن غازی شل ڕەوانەی هەرێم بکات کە بەجۆرێک دابەشکرابوو: 300 تۆن بۆ هەولێر، 260 تۆن بۆ سلێمانی‌و هەڵەبجەو 200 تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.

سەرەڕای دەرچونی بڕیارەکەو بەڵێنی فەرمیی حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی غازی ماڵان، بەڵام بەغدا بەبەڵێنەکەیەوە پابەندنەبوو و ناردنی غازەکەی بەبیانوی تەواونەبونی ڕێکارە ئەمنییەکان‌و ڕەزامەندیی کۆتایی وەزیری نەوت دواخست؛ بەجۆرێک لەنۆى ئه‌م مانگه‌وه‌ تائێستا، هیچ بڕە غازێک لەبەغداوە نەگەیشتوەتە سلێمانی‌و بەرپرسانی کەرتی سوتەمەنی ناچاربون پشت بەكۆگا یەدەگەکانی ناوخۆ ببەستن بۆ ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی قەیرانی غاز.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق به‌بڕیارێک كه‌ ئاڕاستەی بەشی دابینکردن‌و دابەشکردنی کۆمپانیاکە کراوە، داوادەکات بەشە غازی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کۆمپانیاکانی سەر بەهەرێمی کوردستان ڕابگرن، پێوستە ڕێکارەکان لەوبارەیەوە جێبەجێبکرێت.