ئەگەر بەغدا کێڵگەکانی کۆرمۆرو خورمەڵە کۆنترۆڵ بکات چی ڕودەدات؟

کوردستان

34 خولەک پێش ئێستا‌ 2175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست دەڵێت: عێراق دۆسییەكی ئامادەكردووە لەسەر هەردوو كێڵگەی خۆرمەڵەو كۆرمۆر، ئاماژە بەوەشدەكات، هەرێمی كوردستان سێ‌ سەرچاوەی هەیە، كە غاز و كارەباو نەوتە، هەر سێ‌ سەرچاوەكەش لەم دوو كێڵگەیەیە.


یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی کێڵگەکانی خورمەڵە و کۆرمۆر لە ڕێگەی دادگاکانی عێراقەوە و گواستنەوەی کۆنترۆڵکردنەکەیان بۆ سەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وەرچەرخانێکی گەورە لە هاوکێشە ئابووری، سیاسی و دەستوورییەکانی عێراقدا دروست دەکات، بەغدا ئەم هەنگاوە وەک جێبەجێکردنی دەستوور و گەڕاندنەوەی سەروەریی سامانە سروشتییەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی دەیبینێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە هەنگاوێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێم لێکی دەدەنەوە.

کێڵگەی نەوتی خورمەڵە دەکەوێتە ناحیەی مەلا قەرە لە قەزای مەخموور لە پارێزگای ھەولێر، لە لایەن کۆمپانیای (کار گروپ)ەوە بەڕێوەدەبرێت و توانای بەرهەمهێنانی لە نێوان 130 بۆ 175 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەدایە، خورمەڵە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی نەوتی خاوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی هەرێم.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە لایەن پێرڵ پێترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کەرتی وزە، کۆرمۆر زیاتر لە ٪75 بۆ ٪80ی گازی سروشتیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، جگە لە بەرهەمهێنانی گازی شلی ماڵان و کۆندێنسەیت.

بەپێی هەڵسەنگاندنی شارەزایانی ئابووری و وزە، کۆنترۆڵکردنی ئەم دوو کێڵگەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت لەوانە:

گازی کۆرمۆر بڕبڕەی پشتی وێستگەکانی کارەبای هەولێر، سلێمانی و دهۆکە، بەو پێیەی تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق خۆی بەدەست کورتهێنانی توندی گازەوە دەناڵێنێت، چاودێران پێیان وایە ئەگەر وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێک لە گازی کۆرمۆر بەرەو وێستگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕابکێشێت، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاوی کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێتەوە، مەگەر ڕێککەوتنێکی پابەندکەر بۆ پاراستنی پشکی هەرێم بکرێت. 

بە گواستنەوەی نەوتی خورمەڵە بۆ سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور، حکومەتی هەرێم کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی هەرێم نامێنێت. ئەمەش وا دەکات دابینکردنی بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی بە تەواوی بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئەو پشکانەی بەغدا دیارییان دەکات.

وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمن و نادەستوورین، هەر بۆیە ئەگەر دادگا دۆسیەکە بە قازانجی بەغدا یەکلایی بکاتەوە، کۆمپانیاکانی وەک (دانا گاز) و (کار گروپ) ناچار دەکرێن گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان بیانگۆڕن بۆ گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی کە قازانجی کۆمپانیاکان تێیدا زۆر کەمترە.