پوتین بە نهێنیی ڕازی بووە ئۆکرانیا گەرەنتییەکی ئەمنیی هاوشێوەی ماددەی 5ی ناتۆ وەربگرێت

جیهان

11 خولەک پێش ئێستا‌ 33 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکان لەگەڵ ڕوسیا، ئاشکرای کردووە کە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، بە نهێنیی ڕازی بووە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ئۆکرانیا پابەندبوونی ئەمنیی ئەمریکی و ئەورووپی وەربگرێت کە هاوشێوەی ماددەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ بێت، بە مەرجێک هیچ هێزێکی ناتۆ لە خاکی ئۆکرانیا جێگیر نەکرێت.

بەپێی سەرچاوەکە، لە بەرانبەردا سزا ئابورییەکان بەسەر ڕوسیاوە سووک دەکرێن، بەڵام ئەگەر مۆسکۆ هێزەکانی بۆ هێرشێکی نوێ کۆبکاتەوە، سزاکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە. بەرپرسانی ئەمریکی پێشنیاریان کردووە ڕوسیا دوای ئاگربەست، هێزەکانی لە سنوورەکان دوور بخاتەوە.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەگەر هێزە ڕوسییەکان هەوڵی هێرشێکی نوێ بدەن، هێزەکانی ناتۆ بە فڕۆکە دەگەنە ئۆکرانیا. بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپیش ڕێگاکانی چاودێریکردنی پابەندبوونی ڕوسیا بە ڕێککەوتنەکەیان تاوتوێ کردووە.

بەڵام گەورەترین کۆسپ هێشتا چارەسەرکردنی دۆسیەی خاکە، بەوپێیەی پوتین دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی هەرێمی دۆنباس بکات، لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ئەو ناوچانەی دۆنباس بێت کە ڕوسیا داگیری نەکردوون.

لە هەمان کاتدا، جارێد کوشنەر بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ قایلکردنی پوتین بە پەسەندکردنی ئەندامێتیی فەرمیی ئۆکرانیا لە ناتۆ، لە بەرانبەر بەدەستهێنانی ناوچەکانی دۆنباس.

زێلێنسکی ئاشکرای کردووە ئەم پێشنیارە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە خراوەتەڕوو، ئەویش وتویەتی، ئەگەر دانووستانکارانی ئەمریکی پەکێجێک لە گەرەنتییە ئەمنییەکان و پارەی نۆژەنکردنەوەی ئۆکرانیا، بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بۆ قەبارەی سوپای ئەو وڵاتە لە داهاتوودا، ئامادە بکەن، ئەوا دەیخاتە بەردەم خەڵک لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی