شارپرێس:
دۆسیەی
قاچاخچێتیی نەوت لەعێراق قۆناغێکی هەستیاری تێپەڕاندوەو لەکێشەیەکی ئابورییەوە خهریكه
دهبێته سەختترین تاقیکردنەوەی سەروەریی نێوان بەغداو هەولێر، دوای هەڵمەتە ئەمنییەکانی
ناوچەی جورف سەخر، ئێستا ئاراستەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان ڕوی لەکێڵگە نەوتییەکانی
کەرکوکو دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە، بهئاراستهى ئێرانو ئهفغانستانو
توركیا، ئەمەش پرسیارێکی چارەنوسسازی هێناوەتە ئاراوە، ئاخۆ هەماهەنگیی هاوبەش ئەم
دۆسیەیە یەکلاییدەکاتەوە، یان بەغدا پەنا بۆ هێزی سەربازیی دەبات؟
پرسی
قاچاخچێتیی نەوت لەعێراق چیتر تەنها دۆسیەیەکی ئابوریی یان ئەمنیی سنوردار نییە، بەڵکو
تێکەڵ بەهاوکێشەکانی سەروەریی فیدراڵی، بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانو پەیوەندییەکانی
نێوان بەغداو هەولێر بوە، هاوکات دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانو تۆڕەکانی بەرژەوەندیشی
تێکەوتوە کە سود لەجیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی نەوتو بازاڕی ڕەش دەبینن.
لەگەڵ
گواستنەوەی ڕێکارەکانی ڕاوەدونانی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت لەناوەڕاستی عێراقو بەتایبەت
ناوچەی جورف سەخر بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە
ئهویش ئهوهیه، ئایا هەڵمەتێکی ئەمنیی فراوان لەهەموو شوێنێک دژی قاچاخچییەکان
دەستپێدەکات، یان ئەم دۆسیەیە دەبێتە سەرەتای ناکۆکییەکی سیاسییو ئەمنیی نوێ لەنێوان
حکومەتی فیدراڵو حکومەتی هەرێمدا؟ ئایا کارەکە دەگاتە ئاستی جوڵەپێکردنی سوپای عێراق
بۆ ناو هەرێمی کوردستان؟
لەکەرکوکو
سلێمانییەوە بەرەو ئێرانو ئەفغانستان
بهگوێرهى
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان چیتر تەنها لەجورف سەخر قەتیس نەماون،
بەڵکو دەزگاکانی بەغدا لەگەڵ زانیارییەکانی قاچاخچێتیی نەوت لەسەرتاسەری عێراق وەک
یەک دۆسیە مامەڵە دەکەن، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەهێڵێکی گواستنەوەی
گوماناوی دەکەن کە نەوت لەکێڵگەکانی کەرکوکو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەناوخاکی
ئێراندا بەرەو ئەفغانستان دەبات؛ لێرەشدا پارێزگای سلێمانی بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی،
بونی دەروازەی سنوریی باشماخ لەگەڵ ئێرانو تۆڕی ڕێگهکانی گواستنەوەی نەوت، وەک
خاڵێکی سەرەکی دەردەکەوێت.
سێ
ئاراستەی قاچاخچێتیو گرانبونی سوتەمەنی لەناوخۆدا
غالب
محەمەد پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت لەهەرێم
دوای چەند ڕۆژێک لەوەستان بەهۆی ترسیان لەلیژنەکانی لێکۆڵینەوەی بەغدا، جارێکی دیکە
دەستیان بەکارەکانیان کردوەتەوە، ناوبراو ئاشکرایکرد، قاچاخچێتییەکە بەپشتیوانیی
حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەسێ ئاراستەوە دەکرێت ئهوانیش (لەکەرکوکەوە بۆ سلێمانیو
دواتر بۆ ئێران، لەکێڵگەکانی زاخۆ، دهۆکو هەولێرەوە بەرەو تورکیاو لەکێڵگەکانی نەینەواو
شێخانەوە بەرەو دەروازەی فیشخابورو دواتر بۆ سوریا).
بەوتەی
ئەو پەرلەمانتارە، ڕۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەبرێت، ئەمەش وایکردوە
نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لەناوخۆی هەرێم بگاتە 400 هەزار دینارو نرخی بەنزینیش سێ
هێندەی پارێزگاکانی ناوەڕاستو باشوری عێراق بێت.
لەهەمان
چوارچێوەدا، عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری جەختدهكاتهوه،
بەتاڵانبردنی سامانی نیشتمانی ڕۆژانە بەردەوامەو پێویستی بەهەنگاوی کردارییە.
داواشی
لەحکومەتی فیدراڵ کرد چاوپۆشی لەهیچ لایەنێک نەکات، چونکە باجی هەر دڵۆپە نەوتێکی
قاچاخ، هاوڵاتیی کورد دەیدات کە ناچارە نیوەی موچەکەی بدات بەبەرمیلێک نەوتی سپی.
ئایا
سوپای عێراق دێتە ناو خاكى هەرێمی کوردستان؟
سەعید
مستەفا توێژەری کاروباری ئەمنیی پێیوایە، هاتنی سوپای عێراق بۆناو شارەکانی هەرێم
لەڕوی لۆژیکیو دەستورییەوە ئەستەمە، چونکە بهگوێرهى دەستور، پێشمەرگە پاسەوانی
هەرێمەو هێزەکانی پاسەوانی سنوریش بەدرێژایی سنوری ئێرانو تورکیا بڵاوەیان پێکراوە.
بەبۆچونی
ئەو توێژەرە، دەرەنجامی سەردانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بریتی دەبێت لەزیادکردنی هێزەکانی
پاسەوانی سنور، دانانی کامێرای حەراریو ناردنی لیژنەی هەواڵگرییو ئاسایشی نیشتمانی،
لەبەرامبەریشدا سوپای عێراق تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان کۆنترۆڵدەکات
(وەک کێڵگەی عەین زالە لەنەینەوا، کێڵگەکانی شێخان، کەرکوک، خانەقین، سحێلەو ڕەبیعە)
بۆ ڕێگریکردن لەقاچاخچێتی.
هەڵوێستی
بەغداو پارتی دیموکراتی کوردستان
حەیدەر
عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوە، بەغدا لەم دۆسیەیەدا هەماهەنگی لەگەڵ
حکومەتی هەرێم دەکات، بەڵام جەختیشیکردوەتەوە، دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم بەمانای
بەخشینی نییە لەڕێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی.
لەبەرامبەردا
شێرزاد حسێن كادیرى پێشكهوتوى پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەرێم
هاوکاریی تەواوی لیژنە فیدراڵییەکانی کردوەو دەشیکات، بەڵام ڕێکارە ئەمنییەکان نابێت
تاکلایەنەبن.
ناوبراو
هۆشداریشیدا کە باسکردن لەهاتنی سوپای عێراق لەمکاتەدا ئاماژەی نەرێنیی دەبێت بەهۆی
یادەوەریی تاڵی هاوڵاتیانی کوردەوە لەگەڵ سوپا، بۆیە باشترین سیناریۆ پێکهێنانی تیمی
هاوبەشە لەنێوان هەولێر، سلێمانیو بەغدا بۆ چاودێریکردنی دەروازەو بۆرییەکان.
هەر
لەم چوارچێوەیەدا، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت سەردانی کەرکوکی کردوەو پاشان بەرەو
دەروازەی باشماخ لەسلێمانی بەڕێکەوتوە، بڕیاریشە سەرجەم پێگە گوماناوییەکان بپشکنێتو
بەڵگە فەرمییەکان کۆبکاتەوە تا لەڕاپۆرتێکی کۆتاییدا بیخاتە بەردەم سەرۆک وەزیرانی
عێراق.
