شارپرێس:
واشنتۆن جارێکی دیکە پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی لەهاوکێشەکانی ناوچەکەدا بەرز نرخاندو بەکۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق ناویبرد، هاوکات پەیامێکی ڕونیشی ئاراستەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لێدەکەن، بەتایبەت لەپرسی کۆکردنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەنوێترین هەڵوێستیدا، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی هەرێمێکی کوردستانی (بەهێز، یەکگرتوو و خۆڕاگر) دوپاتکردەوە، بهگوێرهى ڕاگەیەندراوەکەی واشنتۆن، سەقامگیرییو بەهێزیی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لەچوارچێوەی پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاو عێراقدا.
لەتەوەرێکی دیکەی پەیامەکەدا، واشنتۆن ئاماژهى بهدۆخی ئەمنیو سەروەریی عێراق كردوهو داوایکردوه، سەرجەم چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، لەوبارەیەوە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لەدیدگای عەلی زەیدیی دەکەین بۆ بونیادنانی عێراقێکی سەقامگیرو گەشەسەندوو کە خزمەت بەگەلەکەی بکاتو پەیوەندییە هەرێمییەکانی بەهێزبکات".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق بەندە بەکۆکردنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتداو بەزمانێکی ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوەدا، "چاوەڕوانین سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو بەڵێنانە بباتەسەر کە لەوبارەیەوە داونی".
