شارپرێس:
لەهەنگاوێکی ئەمنیی نوێدا بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابوریی، هێزەکانی پۆلیسی وزەی عێراق بڵاوەپێکردنی یەکەکانیان لەناوچەی (جورف سەخر) ڕاگەیاند، ئەمەش تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چونە ناو ئەو ناوچەیەی کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی حزبوڵڵای عێراقدا بوو.
پۆلیسی وزە لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوه، ئامانج لەبڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لەجورف سەخر، پاراستنی ڕێڕەوی بۆرییە نەوتییەکان، توندوتۆڵکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی لەناکاوو دڵنیابونەوەیە لەسەلامەتیی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوەکە، لەچوارچێوەی ڕێکارە مەیدانییەکاندا، ڕێگەیەکی تایبەت بەتەنیشت بۆرییە نەوتییەکاندا کراوەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاودێریکردنی مەیدانی خێراترو ئاسانتربێت، هاوکات 12 خاڵی ئەمنیی نوێ-ش بۆ پۆلیسی وزە لەو سنورەدا جێگیرکراون.
ئەم جوڵەیەی پۆلیسی وزە دوای ئەوەدێت، دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی عێراقو حەشدی شەعبی چونە ناو ناوچەی جورف سەخرو تێیدا بڵاوەیان پێکرا؛ ئەوەش پاش ململانێو هەوڵێکی زۆری عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ گروپی حزبوڵڵای عێراق کە پێشتر ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتو کۆنترۆڵی ئەواندابوو.
