لووتکەی سێ‌لایەنەی شنژن یالتای دووەم یان دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانی؟

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 66 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاوە نادر قادر
لەپەراوێزی کۆنگرەی سی و سێیەمی ئاپێ (APEC) ،"کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیاو زەریای هێمن"، کە لەڕۆژانی ١٨ و ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦لەشاری شنژن (Shenzhen) ی باشووری چین بەڕێوەچوو،سەرۆکانی سێ زلهێزی جیهان،"ئەمریکا،چین و ڕووسیا"،رۆژی ١٩ی ئەو مانگە،لەکۆبوونەوەیەکی سێ‌لایەنیدا کۆبوونەوە.

زلینسکی سەرۆکی ئۆکرینیاو هەندێک چاودێری سیاسی ئەم دیدارەیان بە"یالتای دووەم"ناوزەد کرد؛لەکاتێکدا لەڕووی ئەرک وناوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان ئەم دوو ڕووداوەدا هەیە.یالتای یەکەم لەساڵی ١٩٤٥دا،لەکۆتاییەکانی دووەمین جەنگی گەورەی جیهان،بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی هەژموونگەرایی و ڕێکخستنی هاوسەنگیی هێز لەجیهانی دوای جەنگ بەڕێوەچوو؛بەڵام"لووتکەی شنژن"زیاتر لەچوارچێوەی هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی ناکۆکییەکان،پاراستنی پەیوەندییەکان و ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی ململا‌نێیەکان،بەتایبەتی لەئاستی ئەتۆمیدا،هەڵدەسەنگێنرێت.گرنگی ئەم لووتکەیە چەند خاڵێک زەینی بدەین:
_کۆبوونەوەی ئەم سێ سەرۆکە،بەشێوەیەکی ڕوون دەخاتە بەرچاو کە هاوسەنگیی هێز لەجیهانی ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی بنچینەیی گۆڕاوە."ئەمریکا، چین و ڕووسیا"،هەر یەکەیان بەپێگەی سیاسی، ئابووری،سەربازی و شارستانیی خۆیانەوە، ڕۆڵێکی کاریگەر لەئاراستەکردنی سیاسەتی جیهانی وئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەگێڕن.

لەم ڕووەوە، کۆبوونەوەکە نیشانەی ئەوەیە کەبڕیارو هەڵوێستی ئەم سێ زلهێزە دەتوانێت کاریگەرییەکی فراوان لەسەر داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی دابنێت.
_جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەنێوان ئەم سێ زلهێزە ڕکابەرەدا،گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.سەرەڕای ناکۆکییە فراوانەکانی نێوانیان لەسەر بازرگانی،تەکنەلۆژیا،ئاسایشی جیهانی و شەڕە ناوچەییەکان،پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئەم سێ هێزە دەتوانێت مەترسیدارترین ئەنجامەکان بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە.بۆیە پاراستنی کەناڵەکانی گفتوگۆو ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی ناکۆکییەکان بۆ ئاستی پێکدادانی سەربازی،بەشێکی گرنگی بەرژەوەندیی ستراتیژیی هەر سێ لایەنە.
لەچوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا،ئەو سیستەمەی کە لەجیهاندا پەرە دەسێنێت،زیاتر بەرەو فرەجەمسەری و فرەناوەندی دەچێت؛واتە ناوەندەکانی هێزو کاریگەری لەچەندین ناوچەو شارستانیەتدا دابەش دەبن.ئەمە لەگەڵ ئەو سیستەمە جیاوازە کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە،بەتایبەتی بەهەژموونی ئەمریکاو هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی،کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی جیهانی هەبووە.لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕان بەرەو فرەجەمسەری بەمانای کۆتاییهاتنی هەژموونی ئەمریکاوئەورووپا نییە؛بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە هێزە نوێ و کۆنەکان لەبارودۆخێکی ئاڵۆزدا بۆ پاراستن یان فراوانکردنی پێگەو بەرژەوەندییەکانیان ململا‌نێ دەکەن.
لەهەمان کاتدا،هەندێک لێکدانەوەی سیاسی ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەکرێ ئەم سێ سەرکردەیە،وەک سەرکردەکانی یالتای یەکەم، لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموونگەری و ڕێکخستنی هاوسەنگییە نوێیەکانی هێز لەجیهاندا ڕێک بکەون؟ ئایا شەڕی ئۆکرانیا،ململا‌نێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی تایوان دەبنە بەشێک لەگفتوگۆکانیان بۆ دیاریکردنی سنووری هەژموونی هەریەک لەو زلهێزانە؟ئەمانە پرسیارن و پێویستیان بەبەڵگەو وردبینیی زیاتر هەیە؛چونکە کۆبوونەوەی سێ سەرۆک بەخۆی بەڵگەی ڕێککەوتنیان لەسەر دابەشکردنی جیهان نییە.
هەرچەندە جیهانی ئەمڕۆ لەڕووی پێکهاتەی سیاسی،ئابووری و تەکنەلۆژییەوە بەشێوەیەکی بنچینەیی لەجیهانی دوای دووەمین جەنگی گەورەی دونیا،جیاوازە،بەڵام ئەو پرسیارەی کە لووتکەی"شنژن"دەیخاتە ئاراوە،کەمتر لەپرسیاری "یالتای یەکەم"گرنگ و چارەنووسساز نییە:ئایا زلهێزەکان جارێکی دیکە بەرەو لێک تێگەیشتنێک دەڕۆن بۆ بەڕێوەبردنی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان،تەنانەت ئەگەر ئەوە بەنرخی پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتان و مافی گەلان تەواو بێت؟
لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا،خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کەدەسەڵاتی خەڵک و خواستی کۆمەڵگەکان بۆ بەشداریکردن لەبڕیاردانی سیاسی،لەزۆر شوێنی جیهاندا پەرەی سەندووە.لەهەمان کاتدا،کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و دامەزراوە ئابوورییە گەورەکانیش بوونەتە هێزێکی کاریگەر لەبڕیاردانی جیهانیداو لەهەندێک بواردا توانای کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی دەوڵەتان هەیە.ئەمەش جۆری پەیوەندیی نێوان دەوڵەت،بازاڕو کۆمەڵگە لەجیهانی نوێدا ئاڵۆزتر کردووە.
بەڕاستی،مێژوو بەدەگمەن خۆی بەهەمان شێوە دووبارە دەکاتەوە؛ئەگەر ڕووداوێکیش لەهەندێک لایەنەوە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی پێشووترمان بەبیر دەهێنتەوە،زۆرجار وەک کاریکاتێرێک لەڕووداوە ڕەسەنەکە دەردەکەوێت.لەم ڕوانگەیەوە،لوتکەی شنژن دەتوانێت وێنەیەکی هاوشێوەی یالتای یەکەممان بۆ پیشان بدات،بەڵام بەهۆی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی جیهانی ئەمڕۆ،نابێت بەیالتایەکی دیکە دابنرێت.
لەکۆتاییدا،کوردستان لەهاوکێشەی نوێی جیهاندا بێ کارت و بێ پێگە جیوپۆلەتیکی نییە؛بەڵام ئەوەی ڕووداوەکانی دوایی نیشانیان داوە،ئەوەیە کەبەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەم سێ زلهێزە بەشێوەیەکی خۆکارانە لەگەڵ چارەسەری دۆزی کورددا یەک ناگرنەوە.هەر یەک لەو هێزانە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسی کوردستان دەکات و لەهەلومەرجی جیاوازدا دەتوانێت دۆزی کوردستان بەشێک لەهاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی خۆی بکات.بۆیە ئەرکی سەرەکیی کوردستانیان ئەوەیە کە لەچوارچێوەی ستراتیژییەکی سەربەخۆو هاوبەشدا،لەپێگەی کارتێکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ توخمێکی کاراو کاریگەر لەهاوکێشەکانی ناوچەو جیهاندا؛بەشێوەیەک کەبتوانێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بناسێنێت و لەسەر بنەمایان مامەڵە لەگەڵ زلهێزەکان بکات.